رووداو دیجیتاڵ
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، ئامادەیی تیپەکەی بۆ یاریی بەرامبەر سعودیە راگەیاند و دەڵێت "گوشارێکی زۆر لەسەر هەڵبژاردەیەی سعودیەیە."
ئارنۆڵد لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "یارییەکە یارییەکی گەورەیە، ژمارەیەکی زۆری هاندەر هاتوون و ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە، ئەیمەن حوسێن بەشێوەیەکی ئاسایی مەشق دەکات و بۆ یارییەکە ئامادەیە."
راهێنەری عێراق لەبارەی هەڵبژاردەی سعودیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "گوشارێکی زۆر لەسەر سعودیەیە، لەلایەن هاندەران، میدیا و تەنانەت فیفاوە، ئێمە ئاسوودەین و هەموو بیرکردنەوەمان لای بردنەوەی یارییەکەیە کە ئەوە تاکە بژاردەی ئێمەیە بۆ سەرکەوتن بۆ مۆندیال."
گراهام لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "گوشارەکان لەسەر سعودیە زیاترن، ئیبراهیم بایش ئاسوودەیە و گوشاری لەسەر نییە، کاتی نێوان هەردوو یارییەکە زۆر کورت و کەمە، بەڵام ئێمە پاڵنەرێکی گەورەمان هەیە لە پێکهاتەکەدا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەدا بکەین، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر ئاستمان هەبێت."
ئارنۆڵد باسی زیدان ئیقبال دەکات و دەڵێت "زیدان ئاستێکی زۆرباشی هەیە، یاریزانەکانی دیکەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی سعودیە ئامادەن، هەموو یارییەکان گرنگن، بەڵام یارییەکەی سبەی پەیوەندیی بە میللەتێکەوە هەیە و بۆ یاریزانەکانیش گرنگترین یارییانە."
راهێنەرە ئوسترالییەکەی هەڵبژاردەی عێراق، باس لە هێرڤی رێنار، راهێنەری سعودیە دەکات و دەڵێت "رێنار راهێنەرێکی گەورەیە، کە دەڵێت یارییەکە گرنگترین یاریی کاروانی منە، مانای ئەوەیە گوشاری لەسەرە و لەسەر ئێمە نییە، پێشتر سعودیە لە ئەرجەنتینی بردەوە و ئەو راهێنەر بووە، دوای ئەوەش بووە راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا، ئەو یاریی گەورەیکردووە، بەڵام کە ئەم قسەیە دەکات مانایەکی زۆری هەیە."
هەڵبژاردەی عێراق لە پاشکۆی یەکلاکەرەوەدا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، رۆژی سێشەممە کاژێر 21:45 بەرامبەر سعودیە یاریی دەکات، سعودیە بەیەکسانبوون و بردنەوە دەگاتە مۆندیال و عێراقیش پێویستی بەبردنەوەی یارییەکە هەیە بۆ سەرکەوتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ