رووداو - دیجیتاڵ
نەشتەرگەریی دڵ و وانەی زانکۆ گرنگترین و سەرنجڕاکێشترین ئەو 7 چیرۆکە شاراوەیەی ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆن، کە بەبۆنەی 41 ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا بەبیرتان دێنینەوە.
کریستیانو رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی، گۆڵکاری مێژوویی تۆپی پێ، بەر لە چەند رۆژێک یادی 41 ساڵەی لەدایکبوونی کردەوە. گەشتەکەی دۆن لە جیهانی تۆپی پێدا چیرۆکێکی دەگمەنە؛ ئەو لە هەژارییەکی سەختەوە بووە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین و گرانترین وەرزشوانانی جیهان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی باوک لە گەڕەکێکی هەژار لە شاری فونچال لە مادێرا گەورە بووە. بارودۆخی ژیانی سەخت بوو، بەو پێیەی لە خانوویەکی بچووک لەگەڵ خێزانێکی گەورەدا دەژیا.
رۆناڵدۆ لە تەمەنی گەنجییەوە ناچاربوو خەبات بکات بۆ گەیشتن بە خەونەکەی، جگە لە بەهرە و خولیای تۆپی پێی پشتی بە هیچی دیکە نەبەست. ئەم واقیعە سەختە کارەکتەری ئەوی لە قاڵبدا و ویست و ئیرادەیەکی نەگۆڕی لە ناویدا چاند.
کەواتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە خاوەنی 5 باڵۆن دۆر و 5 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپایە، ژیانێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بڕیوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەم ئەفسانەیەی ئێستا.
لەم راپۆرتەدا بەپشتبەستن بە راپۆرتێکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی 7 چیرۆکی سەرنجڕاکێش دەربارەی ژیانی دۆن رۆناڵدۆ دەخەینەڕوو کە لەوانەیە زۆر کەس نەیانبیستبێت:

1 - کێشەی دڵ؛ خەریک بوو خەونەکەی دەبوو بە مۆتەکە
لە تەمەنی 15 ساڵیدا، خەریک بوو تۆپی پێ لە ئەفسانەیەک بێبەش بێت. لەو تەمەنەدا رۆناڵدۆ تووشی ناڕێکی لە لێدانەکانی دڵ ببوو، تەنانەت لە کاتی پشوودانیشدا دڵی بەخێرایی لێی دەدا. تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە جەڵتەیەکی بچووکیش لێیدابوو.
ماریا دولۆرێس، دایکی کریستیانۆ، ئاشکرای کردووە کە کوڕەکەی نەشتەرگەرییەکی بە لەیزەر بۆ کراوە تاوەکو ئەو قەیرانە تەندروستییە تێپەڕێنێت و بتوانێت بەردەوام بێت لە یاریکردن.
2 - فڕۆکەخانەیەک بە ناوی رۆناڵدۆوە کرا
رۆناڵدۆ یەکێکە لەو کەسایەتییە کەمانەی جیهان کە فڕۆکەخانەیان بە ناوەوە کراوە. لە ساڵی 2016 حکومەتی پۆرتوگال فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مادێرای زێدی کریسی گۆڕی بۆ "فڕۆکەخانەی کریستیانو رۆناڵدۆ". بەمەش ناوەکەی چووە ریزی کەسایەتییەکانی وەک جۆن لینۆن و جەنگیزخان.
ساڵی 2017 بەشێوەیەکی فەرمی فرۆکەخانەیەکی دورگەی مادێر لە پۆرتوگال بە ناوی کریسیانۆ رۆناڵدۆ کرا.
لە رێوڕەسمی کردنەوەی فرۆکەخانەکەدا، رۆناڵدۆ لەگەڵ خۆشەویستەکەی و خێزانەکەی بەشداربوون، ئەمە جگە لەوەی یاریزانانی پۆرتوگال و ریال مەدرید و هاوڕێکانی رۆناڵدۆ لەگەڵ رۆناڵدۆدا ئامادەبوون.
شاری فونشال لە مادێرا، شوینی لە دایکبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و یاریزانە پۆرتوگالییەکە لەوێدا هەنگاوی بەرەو ئەستێرەبوون داوە لە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن.
جگە لە فرۆکەخانەش، هەر لەو شارەدا پەیکەری رۆناڵدۆ درووستکراوە، مۆزەخانەی ئەو شارەش هەر بەناوی رۆناڵدۆیە، لەگەڵ چەندین رێستۆرانت و شوێنی تایبەتی هەر بەناوی باشترین یاریزانی جیهان کراوە.

3 - ئاشقی دەنگی ریکی مارتنە
یەکێک لە نهێنییە کەسییەکانی رۆناڵدۆ ئەوەیە کە زۆر ئاشقی دەنگی گۆرانیبێژی ناودار 'ریکی مارتن'ـە و زۆرترین گۆرانیی ئەو لەناو لیستی گوێگرتنەکانیدایە. جگە لەو، حەزی بە دەنگی جۆرج میشێل، فیڵ کۆلینز و ئێڵتۆن جۆنیش هەیە.
4 - پاشای بێ رکابەری سۆشیاڵ میدیا
رۆناڵدۆ تەنیا لە یاریگەدا یەکەم نییە، بەڵکو لە سۆشیاڵ میدیاش خاوەنی زۆرترین فۆڵۆوەرسە لەسەر ئاستی جیهان. ئەو لە ئینستاگرام، فەیسبووک و ئێکس (توییتەری پێشوو) خاوەنی سەدان ملیۆن فۆڵۆوەرسە و کاریگەرترین کەسایەتییە لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لە مانگەکانی کۆتایی 2024 لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا گەیشتە ملیارێک وەرگر و فۆڵۆوەرس.
رۆناڵدۆ ئەوکات لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە لە سۆشیاڵ میدیادا لەگەڵ ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییەن و بەو بۆنەیەوە دڵخۆشی خۆی پێشاندا.
رۆناڵدۆ لە پەیامەکەیدا نووسیبووی "ئێمە مێژوومان تۆمارکردووە، ملیارێک فۆڵۆوەرس ئەمە تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر سۆز و ئیرادە و خۆشەویستی هاوبەشمان بۆ یارییەکە و دیوەکەی دیکە."
کریستیانۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتبووی "لە شەقامەکانی مادێراوە بۆ گەورەترین شانۆکانی جیهان، هەمیشە لەپێناو ماڵباتەکەم و ئێوە یاری دەکەم، ئێستاش وەکو ملیارێک بەیەکەوە وەستاوین. ئێوە لە هەموو هەنگاوێکی رێگەکەمدا لەگەڵم بوون، لە سەرکەوتن و شکستەکاندا، ئەم گەشتە هی ئێمەیە، بەیەکەوە سەلماندوومانە هیچ سنوورێک نییە بۆ ئەوەی دەتوانین بەدەستیبهێنین".
کریس لە کۆتایی پەیامەکەیدا هەروەها نووسیبووی "سوپاس بۆ متمانەتان بە من و پاڵپشتیتان، ئێوە بەشێک بوون لە ژیانی من و هێشتا باشترین ماوە و بەردەوام دەبین لە هەوڵدان و سەرکەوتن و بۆ تۆمارکردنی مێژوو بەیەکەوە".

5 - رۆناڵدۆ وەک وانەیەکی زانکۆ
لە ساڵی 2015، زانکۆی کۆلۆمبیای بەریتانی لە کەنەدا، وانەیەکی تایبەتی لە بەشی کۆمەڵناسی دەربارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەرخان کرد. پرۆفیسۆر لویس ئاگویار پێیوابوو کە رۆناڵدۆ ناوەندێکی گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی دروستبوونی کارێزمایەکی وەرزشی و پەیوەندی بە ناسنامەی نەتەوەییەوە.
6 - لە ژمارە 28ـەوە بۆ ئەفسانەی ژمارە 7
کاتێک لە ساڵی 2003 رۆناڵدۆ چووە مانچێستەر یونایتد، داوای ژمارە 28ـی کرد، بەڵام سێر ئەلێکس فێرگسۆن پێیگوت دەبێت ژمارە 7 بپۆشیت کە پێشتر هی دەیڤد بێکهام بوو. رۆناڵدۆ دەڵێت "سەرەتا زۆر دەترسام لەو ژمارەیە، بەڵام دواتر بووە هێمای بەخت و سەرکەوتنەکانم".
7 - دەستێکی باڵا لە کاری خێرخوازیدا
ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە بەوە ناسراوە کە یەکێکە لە چالاکترین وەرزشوانان لە کاری خێرخوازیدا. ئەو باڵیۆزی رێکخراوەکانی یونیسێف و "SAVE THE CHILDREN"ـە. لە کاتی کۆرۆنادا زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بە نەخۆشخانەکان بەخشی، جگە لە بەخشینی بەردەوامی بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و منداڵانی لێقەوماو.
پێشتر لەخزەر بریش، راگەیاندنکاری بەنێوبانگی جەزائیری، چیرۆکێکی مرۆیی کاریگەری لە ژیانی ئەفسانەی تۆپی پێ کریستیانۆ رۆناڵدۆ و کارە خێرخوازییەکانی بەدرێژایی ژیانی وەرزشی، بەتایبەتی بەرامبەر بە منداڵان ئاشکراکرد.
لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا، لەخزەر بریش باسی لە لایەنە مرۆییەکانی ژیانی کاپتنی یانەی نەسڕى سعودی کرد کە وەک نهێنی وابوون و جەختی لەوەش کردەوە کە یارمەتیدانی منداڵە نەخۆشەکان شتێکی ئاسایی و تایبەتمەندیی رۆناڵدۆ بووە.
بریشدەڵێت "رۆناڵدۆ منداڵە نەخۆشەکانی بەفڕۆکە تایبەتەکەی لە پۆرتوگالەوە دەگواستەوە بۆ مەدرید تاوەکو لە پایتەختی ئیسپانیا چارەسەری وەربگرن، پاشان دەیگەڕاندنەوە بۆ ماڵەکانیان".
بریش زیاتر دەڵێت "رۆناڵدۆ رەتی دەکردەوە ئەوە ئاشکرا بکرێت و داوای دەکرد هەواڵی ئەو کارە مرۆییانە بڵاونەکرێنەوە".
ئەو راگەیاندنکارە لەدرێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "لەکاتی هەڤپەیڤینیکی پێشتردا کە لەگەڵ رۆناڵدۆم ئەنجامدا، ئەمەی پێگوتم، بەڵام رەتیکردەوە پەخش بکرێت. هەر بۆیە ئەو بەشەی هەڤپەیڤینە لەسەر داوای خۆی سڕایەوە، سەرەڕای ئەوەی تۆمارکرابوو".
لەخزەر بریش جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ، کە لە کاتی هەڤپەیڤینەکەدا ئامادە بووە، هاتووەتە لای و داوای لێکردووە ئەو لێدوانانە بسڕێتەوە، چونکە رۆناڵدۆ نایەوێت ئاشکرایان بکات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ