رووداو هەولێر
یەکێتیی بالەی عێراق بڕیاریدا رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یاریی وازهێنان بۆ عەلی تەها، ئەستێرەی کورد ئەنجام بدرێت، کە لەنێوان هەڵبژاردەی عێراق و یانەی شەهداب یەزدی ئێرانی بەڕێوەدەچێت.
یارییەکە لەنێو هۆڵی داخراوی پێشمەرگەی سلێمانی کاژێر 16:00 بەڕێوەدەچێت، یەکێتیی بالەی عێراق ئامادەکارییەکی زۆری کردووە بۆ ئەوەی رێوڕەسمێکی گەورە و یارییەکی مێژوویی لە ماڵئاوایکردنی ئەستێرە کوردەکە ساز بکات.
ئەو وەرزشڤانە کوردە لە مێژووی یاریی بالەی هەرێمی کوردستان و عێراق بەنێوبانگە، بیست و پێنج ساڵ وەک یاریزان یاریکردووە و خاوەن دەیان نازناوی تاکە کەسییە، وەک کاپتنی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی نازناوی خولی نایابی عێراقی بردووەتەوە.
عەلی تەها، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "برایانم لە یەکێتیی بالەی عێراق و چەند وەرزشڤانێکی دیکە پێیان باشبوو کە یارییەکی گەورە بۆ وازهێنانی من لە یاریکردن ئەنجام بدرێت، بێگومان هەڵبژاردەی عێراق دێنە شاری سلێمانی و یارییەکە بەرامبەر یانەی شەهداب یەزدە کە یانەیەکی بەسەنگە لەسەر کیشوەری ئاسیا و پاڵەوانی ئێرانە، خاوەن دەیان یاریزانی هەڵبژاردەی بالەی ئێرانە و بۆ ئەو یارییەش رێوڕەسمێکی گەورە دەکرێت".
لە هەڵبژاردەی عێراق 20 ساڵ یاریکردووە، زیاتر لە 200 یاریی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامداوە، بەشداری 40 پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئاسیا کردووە.
تەها زیاتر روونیکردەوە "من وەک یاریزان راستە وازدەهێنم، بەڵام لە خۆشەویستانم لە یاریی بالە دانابڕیم خزمەتیان دەکەم".
عەلی تەها، خەڵکی گەرمیانە و بڕوانامەی دکتۆرای لە پەروەردەی وەرزش هەیە، سەرۆکی بۆردی وەرزشیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ