رووداو دیجیتاڵ
شۆڕشێکی گەورە و جیاواز لە ریال مەدرید بەڕێوەیە و 8 یاریزان لەبەردەم دەرگای رۆیشتندان دوای شکستە گەورە ئەورووپییەکەیان، کە هەندێک لەو ناوانە سوپرایزن.
کارگێڕیی ریال مەدرید بەخێرایی دەستی بە جووڵە کردووە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی تیپەکە، دوای ماڵئاواییە پڕ لە ئازارەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر بایرن میونشن، کە دوای یارییەکە چەندین کەلێنی ناو پێکهاتەی ئێستای ئاشکراکرد.
لیستی رۆیشتووەکان فراوانتر دەبێت
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارگێڕیی یانەکە بەنیازی دەستبەرداربوونە لە چەند ناوێکی دیار لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدا کە ئامانجی نوێکردنەوەی خوێنی تیپەکە و کەمکردنەوەی تێکڕایی تەمەنی یاریزانەکانە.
لە پێشەنگی بەربژێرەکان بۆ رۆشتن، دووانە دەیڤید ئالابا و دانی کارڤاخال دێن، بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان و نەبوونی هیچ ئاراستەیەکی روون بۆ نوێکردنەوەیان. هەروەها دانی سیبایۆس لە دەرەوەی حساباتە تەکنیکییەکان ماوەتەوە، ئەمەش لە جێهێشتنی تیپەکە نزیکی دەکاتەوە بەمەبەستی گەڕان بەدوای هەلی یارییکردنی زیاتر.
خواستن و وەبەرهێنان لە داهاتوودا
لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێداندا، یانەکە تاوتوێی پێدانی بەهرەمەندی لاو فرانکۆ ماستانتۆنۆ بەشێوەی خواستن دەکات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کێبڕکێ لەنێو سانتیاگۆ برنابیۆدا.
سوپڕایزی گەورە
لیستەکە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو ناوی وەک ئێدواردۆ کاماڤینگا، فران گارسیا و رئول ئاسێنسیۆش دەگرێتەوە، کە کارگێڕیی یانەکە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دەستەوارانە دەکات کە بۆیان هاتووە لە چوارچێوەی سیاسەتی دووبارە هاوسەنگکردنەوەی دارایی. هەروەها گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری لاو لە رۆیشتن نزیک دەبێتەوە، لەگەڵ دانانی مەرجی دووبارە کڕینەوە، بۆ ئەگەری درەوشانەوەی لە داهاتوودا.
پڕۆژەیەکی نوێ لەڕێگادایە
ئەم جووڵانە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی گشتگیردایە کە ئامانجی بنیاتنانی نەوەیەکی نوێیە کە توانای گێڕانەوەی تیپەکەی هەبێت بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان، لەسایەی کێبڕکێیە تووندە ناوخۆیی و ئەورووپییەکاندا.
هاوینی ریال مەدرید زۆر گەرم دیارە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا شاهیدی کۆتایی هاتنی سەردەمێکی بێئومێدکەر و دەستپێکی چەرخێکی نوێ دەبین لە ناو قەڵای پاشاکاندا؟.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ