رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، دەرکەوتووە یانەی ریال مەدرید ویستی زۆری بۆ دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپ بە راهێنەری یانەکە هەیە، بەڵام مەرجێکی دیاریکراویان هەیە.
ئەگەرچی لە دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆوە لە مەشقدانی ریال مەدرید، بەردەوام باس لە ویستی ئەو یانەیە بۆ دەستنیشانکردنی یۆرگن کڵۆپ بە راهێنەری یانەکە دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەو بارەیەوە نییە.
کڵۆپ کە بەڕێوەبەری بەشی تۆپی پێی کۆمپانیای رێد بوڵە، لە وەڵامی دەنگۆی میدیاکان لەبارەی دەستنیشانکردنی بە راهێنەری ریال مەدرید گوتی، پەیوەندییان پێوەنەکردووم و من لە کارەکەی ئێستام دڵخۆشم و نامەوێ ببمەوە راهێنەر.
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگ، کۆتایی بەمانەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە مەشقدانی یانەکە دەهێنێت. میدیاکان دەڵێن ئەربێلوا تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێت و دەگەڕێتەوە و مەشقدانی کاستیا. هەربۆیە یانەکە بەدوای راهێنەرێکی گەورە و بەئەزمووندا دەگەڕێت.
لە نێو ئەو مشتومڕ و ناڕوونییەی لەبارەی راهێنەری داهاتووی ریال مەدریدەوە لە ئارادایە، هەندێک سەرچاوە گوتویانە کە ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەک بیر لەهێنانی کڵۆپ ناکاتەوە، چونکە ئەو راهێنەرە ویستی خۆی بۆ مەشقدانی گەورەترین یانەی جیهان، دەرنەبڕیوە.
لە بەرامبەردا نوێترین هەواڵ لەبارەی راهێنەری داهاتووەوە کە میدیای ئیسپانیا لەسەر زاری سەرچاوەی باوەڕپێکراوی نێو یانەکە بڵاویانکردووەتەوە، مەرجێک هەیە بۆ دەستپێشخەریی ریال مەدرید، لەپێناو هێنانی کڵۆپ.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، بەرپرسانی ریال مەدرید و سەرۆکی یانەکەش، ویستی زۆریان بۆ هێنانی کڵۆپ هەیە، باوەڕی تەواویشیان بەوە هەیە کە ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە، بۆ قۆناخی ئێستای ریال مەدرید زۆر گونجاوە، بەڵام چاوەڕێی دەستپێشخەریی ئەون.
ئەو دەستپێشخەرییەی میدیاکان باسیدەکەن، پەیوەندیەوە بەوەوە هەیە کە بەرپرسانی ریال مەدرید پێیانوایە، دەبێ کڵۆپ ئاماژەیەک بەوە بدات کە ویستی مەشقدانی یانەکەی هەیە. هەروەها پێشانی بدات کە دەیەوێت لە ریال مەدرید بێت، ئەوکات یانەکە دەستبەجێ دەستەوارەی پێشکێشدەکات و دەرگای گفتوگۆی راستەوخۆی لەگەڵ دەکاتەوە.
وەک ئەو سەرچاوانە دەڵێن، لەبەرئەوەی کڵۆپ پێشتر ویستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کاری راهێنەرایەتی رانەگەیاندووە و بەپێچەوانەوە گوتوویەتی نایەوێت ببێتەوە راهێنەر، ریال مەدرید پێیوایە هەوڵدان لەگەڵی سوودی نییە، هەربۆیە هەر کاتێک راهێنەرەکە ئەوە ئاشکرابکات کە ویستی بوونەوە بە راهێنەری هەیە، ریال مەدرید هەموو شتێکی ئامادەیە.
ریال مەدرید بەدۆخێکی ناسەقامگیردا گوزەر دەکات و ئەمساڵ لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان دەستبەتاڵ دەرچووە و ئەوەش وادەکات کارگێڕیی یانەکە، بەدوای راهێنەرێکی گەورەدا بگەڕێت بۆ مەشقدانی یانەکە لە داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ