یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بۆ دووەمین جار لەگەڵ نوێنەری یانەکانی کوردستان کۆبوونەوەی سازدا، بەڵام جارێکی دیکە نەتواندرا وادەی دەست پێکردنی خولەکانی کوردستان دیاریی بکرێت.
کۆبوونەوەکە لە هۆڵی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکانی یانەی هەولێر بوو، دوای دوو کاژێر لە گفتوگۆییەکی زۆر و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا، یانە بەشدارەکانی خولی نایابی کوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، حەوت یانە رەزامەندییان پیشاندا بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکان، بەڵام حەوت یانەی دیکە بەشداریی نەکردنیان راگەیاند بەهۆی قەیرانی دارایی، هەر بۆیە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریی دا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک داوا لە حکومەت دەکەن کە بەهانای یانەکانەوە بێن.
هەر لەم کۆبوونەوەیەدا یانە نوێنەری پلەیەکەکانیش یەک دەنگ نەبوون لە بەڕێوەچوونی کێبڕکێکەیان، هەر بۆیە ئەوانیش پرسەکەیان دواخست.
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا ئامادەیی تەواوی خۆیی پیشاندا بۆ بەڕێوەبردنی خولەکانی کوردستان.
بەر لە دوو مانگ لیژنەیەک لە نوێنەری یانەکان و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دروست کرا و سەردانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کرد بۆ بەدەنگەوە هاتنی یانەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بەهاناوە چونێک نەبیندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ