رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریدا ئەرکی مەشقدانی هەڵبژاردەی کوردستان بە سەمیر بابۆ بدات و رکابەرییەکانی جامی کوردستانیش ئەنجام نەدات.
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان، ئاشکرایکردووە لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکردووە، دیارترینیان دەستنیشانکردنی سەمیر بابۆ بە راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان، بەڵام یەکێتییەکە روونی نەکردووەتەوە، هەڵبژاردەی کوردستان خۆی بۆ کام پاڵەوانێتیی ئامادە دەکات.
یەکێتییەکە دەڵێ بە ئامادەبوونی سەرۆک، جێگر و سەرجەم ئەندامانی یەکێتییەکە کۆبوونەوە کراوە، تێیدا سەمیر سدیق وەک راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان و رزگار عەلی وەک بەڕێوەبەری هەڵبژاردەکە دەستنیشانکران. سەبارەت بە جامی هەرێمی کوردستان، بەهۆی بارودۆخی یانەکان و ناوچەکە، بڕیاردرا ئەمساڵ ئەو پاڵەوانێتییە ئەنجام نەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، وادەی دەستپێکردنی خولی پلە دووی کوردستان دیاریکرا، بڕیارە لە 25ـی مانگی 3ـی 2026 دەستپێبکات. یانەکان بەسەر 4 گرووپدا دابەش دەکرێن و یارییەکان هەر 5 رۆژ جارێک ئەنجام دەدرێن، هەروەها هەر یانەیەک مافی هەیە 4 یاریزانی پیشەگەر بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە.
سەبارەت بە خولەکانی تەمەنی جیاواز، خولی ژێر 19 ساڵان لە 1ـی مانگی 4ـی 2026 بە شێوەی ئارەزوومەندانە دەستپێدەکات، هەروەها هەفتەی داهاتوو یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی ژێر 17 ساڵان ئەنجام دەدرێن. بۆ یاریزانانی دێرینەی سەروو 40 ساڵیش، بڕیارە لە 1ـی مانگی 5ـی 2026 پاڵەوانێتییەک لە شار و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوە بچێت.
یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان دابەزینی یانەی سەیدسادق و 4 یانەی دیکەی خولی پلە یەکی بۆ پلە دوو پەسەندکرد. بۆ رێکخستنی کاروباری یاریزانان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، موقەدەم کارزان سلێمان وەک رێکخەر دەستبەکار دەبێت. هاوکات رۆژی 13ـی مانگی 2ـی 2026 تاقیکردنەوەی کووپەر بۆ ئەو ناوبژیوانانە ئەنجام دەدرێتەوە پێشتر لە تاقیکردنەوەکان دەرنەچووبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ