لێدوانێکی چاوەڕواننەکراوی مۆرینیۆ لەبارەی ڤارەوە

22-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جۆزێ مۆرینیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی دەڵێت "من دەستکەوتەکانم لە یاریگەدا بەدەستهێناوە، نەک لە سۆشیاڵ میدیا" و باس لە سیستمی ڤار دەکات.
 
مۆرینیۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆربەندێکی کۆمپانیای ئارامکۆ چووەتە سعودیە و لە پانێڵێکدا قسەیکرد.
 
جۆزێ دەڵێت "زۆر کەس دەڵێن مۆرینیۆ براندە، "من سپێشەڵ وەنم"، من ئەم براندەم لە یاریگەدا دروستکردووە، 26 نازناوم لەنێو یاریگەدا بەدەستهێنا، نەک لە سۆشیاڵ میدیادا یان لەبەرئەوەی جلوبەرگەکانم جوانە."
 
پرسیارێک لە مۆرینیۆ کرا، قورسترین دەستکەوت بردنەوەی لالیگا بوو لەگەڵ ریال مەدرید کاتێک گەیشتییە 100 خاڵ؟ یان بردنەوەی پرێمەرلیگ کە بەدرێژایی وەرز تەنیا 15 گۆڵتان لێکرا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "من رۆمام هەڵبژارد و دوو وەرزە لەسەریەک گەیاندمە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، ئەمە هۆکارەکەیە؟ بگەڕێنەوە بۆ مێژوو یانەکە 50 ساڵە ئەمەی بەدەستنەهێناوە."
 
جۆزێ مۆرینیۆ باس لە سیستی ڤار لە خولی سعودیەدا دەکات و دەڵێت "کە ناوبژیوان بیت لە ژوورێکی تاریکدا لەبەردەم چەند شاشەیەکدا، چۆن دەتوانیت مامەڵە بکەیت لەگەڵ ئەوەی گۆڵە یان نا، ئۆفسایدە یان نا، کەواتە ئەگەر هاندەری ئیتیحاد بیت لێدانەکە هەندێک خێراتر دەکەیت، ئەگەر هاندەری هیلال بیر هەندێک هێواشتری دەکەیت." ئەمەش وادەکات گوشارەکان لەسەر ناوبژیوانان زیاتر ببن و لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانان قسەی جیاواز بکرێت.
 
سپێشەڵ وەن هیوای سەرکەوتن بۆ خولی سعودیە دەخوازێت و دەڵێت "هیوادارم ببێتە یەکێک لە باشترین 10 خولەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان."
 
مۆرینیۆ ئێستا بێ یانەیە، لە ماوەی رابردوودا ناوی بە چەند یانەیەک بەستراوەتەوە، دیارترینیان یانەی قادسیەیە، بەڵام مۆرینیۆ رەتیکردەوە لەبارەی ئەو یانەیەوە وەڵامی هیچ پرسیارێک بداتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە