رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024، رووماڵی رووداو بەردەوام بوو، کە وێڕای بەرنامەی یۆرۆی 2024 سێ بووڵتەنی وەرزشی لەلایەن سامان وڵاتزێرییەوە پێشکێشکران و تیایاندا پەیامنێرانی رووداو لە ئەڵمانیا و چەندین شاری کوردستان بەشداربوون.
بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە لەم بەرنامەیەدا ئاکام هاشم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی هەولێر میوانی بوو.
بەرنامەکە بە بەشداری هەرسێ شرۆڤەکارەکەی تۆڕی میدیای رووداو، کامەران نەسرەدین، سەرمەد سامح و ئەڵمان عارف، و بە ئامادەبوونی و ئاکام هاشمی بەڕێوەچوو، کە تێیدا شرۆڤەی هەرسێ یاریی دووەم رۆژی پاڵەوانێتییەکەیان کرد.
لە یاریی یەکەمدا، کە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەمدا بەڕێوەچوو، سویسرا بە ئەنجامی 3-1 لە هەنگاریای بردەوە.
لە یاریی دووەمدا، ئیسپانیا و کرواتیا لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئیسپانیا 3-0 براوە بوو، کە شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەنجامی ئەم یارییە پێشبینینەکراو بوو، بەو پێیەی کرواتیا لەم چەند ساڵەی دواییدا تیپێکی بەهێزی سەر ئاستی ئەوروپا و جیهانیشە.
لە یاریی سێیەمدا و لە هەمان کۆمەڵەدا، ئیتاڵیا توانی بە دوو گۆل بەرامبەر بە گۆڵێک لە ئەڵبانیا بباتەوە. کە کامەران نەسرەدین پێیوابوو ئیتاڵیا سەرەڕای بردنەوە نەیتوانی بیسەلمێنێت کە تیپێکی بەهێزەو دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات.

لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، حەیدەر دۆسکی لە دهۆکەوە بۆچوونی هاندەرانی وەرگرت و لەوێ چووە لای نەوزاد کە بە "کۆمپیۆتەری وەرزشی" ناسراوە، و زۆر شآرەزایە لە مێژووی تۆپی پێی جیهان، هەر شتێک و ئامارێک لەبارەی تۆپی پێی لێیبپرسی دەزانێت. بۆ نموونە دەزانێت چەند هەڵبژاردە یۆرۆیان بردووەتەوە و هەر یەکێکیان چەندجار، بۆ پاڵەوانێتییەکانی دیکەی وەک مۆندیال، جامی ئەفریقا و ئاسیاش بەهەمان شێوە. ئەو گوتی "من هاندەری بەرازیل و پۆرتوگالم و سەرسامم بەهەردوو رۆناڵدۆ".
پەیامنێری رووداو تیروپشکی بۆ بەشداربووانی پێشبڕکێی رووداو کرد و عەبدوڵرەحمان بامەڕنی خەڵاتی رووداوی پێدرا کە مۆبایلێک بوو. و هەر شەوێک لە شارێکی کوردستان ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.
کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری و ئەلمان عارف بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یاریی یەکەمیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی نێوان ئیتاڵیا و ئەڵبانیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و محەممەد پڵنگ بووە براوەی لیرەیەک زێڕ. کە ئەم خەڵاتەش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.
محەممەد کارێزی، پەیامنێری رووداو لە هەولێرەوە بۆچوونی هاندەرانی لەبارەی یارییەکان وەرگرت.
لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 کە کاژێر 24:00 پەخشکرا، شرۆڤەکارانی رووداو شرۆڤەی هەرسێ یارییەکانیان کرد و ئاکام هاشمی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق کە میوانی تایبەتی بەرنامەکە، وێڕای خستنەڕووی بۆچوونەکانی لەسەر پاڵەوانێتییەکە بەگشتی و هەرسێ یارییەکە بەتایبەت، باسی رەوشی خۆیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق کرد، کە دوای ئەوەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام توانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات، بووەتە جێی بایەخی میدیا عێراقی و کوردستان.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، وێڕای راگەیاندنی براوەی خەڵاتی لیرەی رووداو، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 کرا، کە تەلەڤزیۆنێکە و ئەمجارە بۆ لوقمان جەمال دەرچوو، کە خەڵکی هەولێرە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ