رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە فیفا دەکات ئیتاڵیا بخاتە شوێنی ئێران لە مۆندیالی 2026.
بەگوێرەی رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز"، نێردەیەکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، داوای لە فیفا کردووە کە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە مۆندیالدا بخاتە شوێنی ئێران.
پاولۆ زامپۆلی، نوێنەری تایبەتی ترەمپە بۆ چەند کاروبارێکی دیاریکراو و بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە کە بینینی ئیتاڵیای خاوەن چوار نازناوی مۆندیال لە یارییەکانی مۆندیالدا لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا "خەونێکە"، سەرەڕای ئەوەی مانگی رابردوو لە یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتندا دۆڕاون.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پێشنیازە هەوڵێکە بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و جۆرجیا مێلۆنی، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لەگەڵ ترەمپ تێکچوو بەهۆی رەخنەگرتنی مێلۆنی لە هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر "پاپا لیۆی چواردەهەم" سەبارەت بە جەنگی ئێران.
زامپۆلی بە رۆژنامەکەی گوتووە: "پشتڕاستی دەکەمەوە کە پێشنیازم بۆ ترەمپ و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردووە کە ئیتاڵیا جێگەی ئێران لە مۆندیال بگرێتەوە. من بە رەچەڵەک ئیتاڵیم و بینینی 'ئازۆری' لە پاڵەوانێتییەکدا کە ئەمریکا میوانداری دەکات خەونێکە. بەهۆی هەبوونی چوار نازناوەوە، ئەوان مێژوو و ناسنامەی پێویستیان هەیە بۆ پاساودانی بەشداریپێکردنیان."
ئیتاڵیا بۆ جاری سێیەم لەسەریەک نەگەیشتە مۆندیال، دوای ئەوەی لە یاری کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا بە لێدانی سزا بە هەڵبژاردەی بۆسنە و دۆڕا.
بەشداریی ئێران لە مۆندیالدا کەوتووەتە ژێر گومانەوە بەهۆی ئەو جەنگەی لە 28ـی شوبات لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵگیرساوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو کە خەریکی "وتووێژە" لەگەڵ فیفا بۆ گواستنەوەی یارییەکانی وڵاتەکەی لە مۆندیال لە ناو خاکی ئەمریکاوە بۆ مەکسیک، بەڵام ئینفانتینۆ مانگی رابردوو لە کاتی ئامادەبوونی لە یارییە دۆستانەکەی نێوان ئێران و کۆستاریکا لە تورکیا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند کە ئێران لە مۆندیال دەبێت و "لەو شوێنە یاری دەکەن کە بەگوێرەی تیروپشکەکە بۆیان دیاریکراوە."
زامپۆلی کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و بازرگانی ئیتاڵی-ئەمریکییە و پێشتر بریکاری نمایشکارانی جلوبەرگ بووە، ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە خۆی ترەمپی بە میلانیای هاوژینی ئێستای ناساندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ