ئەستێرەیەکی دیکە لە مۆندیال بێبەش دەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئیدێر میلیتاو مۆندیالی 2026 پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

گورزێکی بەهێز بەر ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیل کەوت و بەئەگەری زۆرەوە ئیدێر میلیتاوی بەرگریکار ماوەیەکی زۆر بەهۆی پێکانەوە دووردەکەوێتەوە و بێبەش دەبێت لە بەشداریکردن لە مۆندیال.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە یەکێک لە ئەستێرەکانی ریال مەدرید تووشی شۆکێکی گەورە بووە دوای راگەیاندنی پێکانەکەی و کۆتایی هاتنی وەرزەکەی لەگەڵ تیپەکەی.
 
یانەی ریال مەدرید پێشتر جۆری ئەو پێکانەی راگەیاندبوو کە ئیدێر میلیتاوی یاریزانی بەرازیلی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی ئالاڤێس تووشی بووبوو.
 
میلیتاو لە کۆتایی گێمی یەکەمی ئەو یارییەی کە تێیدا ریال مەدرید بەئەنجامی 2-1 سەرکەوت، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە چوارچێوەی گەڕی 33ـی خولی ئیسپانیا، بەناچاری یاریگەی جێهێشت، چونکە نەیتوانی یارییەکە تەواو بکات.
 
یانەکە لە بڵآوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "دوای ئەو پشکنینانەی لەلایەن تیمی پزیشکیی یانەکەوە بۆ میلیتاو ئەنجامدران، دەریانخست کە تووشی پێکانێکی ماسوولکەیی بووە لە ماسوولکەی دووسەری رانی biceps femoris لە قاچی چەپیدا".
 
رادیۆی کۆپی لە راپۆرتێکیدا، ئەمڕۆ شەممە، ئاماژەی بەوە کردووە کە پێکانەکەی ئیدێر میلیتاوی بەرگریکاری بەرازیلی دەرکەوتووە کە زۆر مەترسیدارترە لەوەی لە سەرەتادا پێشبینی دەکرا، بەمەش ناتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیالی داهاتوو بەشداری بکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشبینییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە وەرزەکەی تەنیا لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهاتووە و ئەگەری گەیشتنی بە مۆندیال هەیە، بەڵام هەواڵی نوێ هاوکێشەکەی گۆڕی و گورزێکی تووندی لە یاریزانەکە و هەڵبژاردەی بەرازیلیش وەشاند.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەنووس میگێل ئانخێل دیاز ئاماژەی پێداوە، میلیتاو تووشی نسکۆیەکی بەهێز بووە لە پرۆسەی چاکبوونەوەی پێکانێکی ماسوولکەیی پێشووی کە لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو تووشی بووبوو، کە پێشتر نزیکەی چوار مانگ لە یاریگاکان دووری خستبووەوە.
 
ئەم نسکۆیە پێویستی بەوەیە یاریزانەکە نەشتەرگەرییەکی نوێ ئەنجام بدات، ئەمەش بەواتای دڵنیابوونەوە لە بەشداریکردن لە مۆندیال 2026، و نەگەڕانەوەی بۆ یاریگاکان پێش دەستپێکی وەرزی 2026-2027؛ بەمەش ئەستێرە بەرازیلییەکە دووبارە تووشی ماوەیەکی درێژی دوورکەوتنەوە دەبێت.
 
ئەم بەرگریکارە بەرازیلییە تەمەن 28 ساڵە، لەم وەرزەدا لە 21 یارییدا لەگەڵ ریال مەدرید لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەشداری کردووە و تێیاندا تەنیا دوو گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە