رووداو – هەولێر
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان هاوسۆزی خۆی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەربڕی و ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد، كە كرایە سەر ئەم دامەزراوە میدیاییە.
سەفین كانەبی لە پەیامێكدا بۆ رووداو رایگەیاند: بەناوی خۆم و یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانەوە هاوسۆزیی خۆمان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، لە بەڕێوەبەر و كارمەند و رۆژنامەوانانی ئەم دامەزراوەیە دەردەبڕین، كە شەوی رابردوو لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هێرشی تیرۆریستی كراوەتەسەر.
گوتیشی: "ئێمە لە یەكێتیی تۆپی پێی كوردستاندا هەمیشە سوپاس و پێزانیمان بۆ رووداو هەیە، كە خزمەتێكی زۆری بواری رۆژنامەوانی دەكات و وەكو مینبەرێكی ئازاد و دامەزراوەیەكی پرۆفێشناڵ دۆزی میللەتی كوردی بەرەو جیهان بردووە، ئەمە جگە لەوەی لە بواری وەرزشدا لێبڕاوانە كار دەكات و هەموو چالاكی و بۆنە وەرزشییەكانی كوردستان و دەرەوەش رووماڵ دەكات، بە تایبەتی خول و پاڵەوانیەتییەكانی تۆپی پێ و چالاكییەكانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان.
لە دواییشدا گوتی: "دووبارە هاوسۆزی خۆمان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو و بەڕێوەبەر و كارمەندان و تەواوی رۆژنامەوانان و كادیرانی ئەم دامەزراوەیە دەردەبڕین و ئیدانەی ئەو كارە ترسنۆكانەش دەكەین، كە پێمانوایە زۆر بچووكە لە ئاستی دامەزراوەیەكی واگەورە و پڕۆفێشناڵدا و دەنگی ئازاد و میدیای ئازاد لە كوردستان بەم هەوڵە نەزۆكانە كپ ناكرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ