خولی هۆڵەندا دوو ئەنجامی چاوەڕواننەكراو بەخۆیەوە دەبینێت

26-08-2014
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
نیشانەکردن خولی هۆڵەندا
A+ A-



لە یاریی لوتكەی خولی تۆپی پێی هۆڵەندا، یانەی ئایندهۆڤن سەركەوتنێكی گرینگی تۆماركرد و بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی ئەیاكسی بردەوە.

یارییەكە لە هەفتەی سێیەمی خولی هۆڵەندا، لەسەر یاریگەی ئەیاكسی پاڵەوانی وەرزی رابردوو ئەنجامدرا، كە لەوەتەی ساڵی 2008ەوە ئایندهۆڤن لەو یاریگەدا سەركەوتنی نەهێناوە.

بەڵام لە یاریی ئەمجارەدا وانەیەكی بەپێزی دایە ئەیاكس و زەنگی مەترسی ئەم وەرزەی بۆ لێدا، هەرچەندە لە سەرەتای یارییەكەدا و لە خولەكی 16دا ئەیاكس بە گۆڵێك پێشكەوت كە ئەنوەر ئەلغازی تۆماریكرد، بەڵام ئایندهۆڤن بە پلانێكی بەهێز هاتبوو، لە
گێمی دووەمدا ئاستی خۆی ئاشكراكرد.

ئایندهۆڤن لە خولەكی 52دا گۆڵی یەكسانبوونی لە رێگەی مەمفێس دێپای تۆماركرد، پاشان لە خولەكی 61دا نانسینگ گۆڵی پێشكەوتنی بۆ پی ئێس ڤی تۆماركرد و جەماوەری ئەیاكسی بێدەنگ كرد.

دواتریش لە خولەكەكانی كۆتاییدا فلۆریان جۆزیفرۆم گۆڵی سێیەم و دڵنیایی بۆ ئایندهۆڤن تۆماركرد و سەركەوتنی بۆ تیپەكەی مسۆگەركرد، كە دوای 6 ساڵ یەكەمجارە ئایندهۆڤن بە 3 خاڵ لە ئەیاكس ئەریناوە دێتە دەرەوە.

ئایندهۆڤن بەم ئەنجامە بە 9 خاڵ لە پلەی یەكەمی ریزبەندیی خولی هۆڵەندایە.
لە یارییەكی دیكەی هەفتەی سێیەمدا، یانەی ئۆترێخت چاوی لە ئایندهۆڤن كرد و ئەویش دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەسەر یانەی فاینۆرد تۆمار كرد.
ئۆترێخت دوای 10 ساڵ، بۆ یەكەمجار توانی سەركەوتن بەسەر یانەی فاینۆرد تۆماربكات لەسەر یاریگەی فاینۆرددا و بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ براوە بوو.

فاینۆرد لە گێمی یەكەمدا بە گۆڵێكی میچێل تی فرێد پێشكەوت و هەوڵی دا درێژە بەو ئەنجامە بدات، بەڵام چەند هەلێكی ئاسانیان لە دەست دا.
لە گێمی دووەمدا ئۆترێخت بە ئاستێكی باشتر دەركەوت و ناسر بەرزیت توانی گۆڵی بەرامبەر تۆماربكات.

پاشان تۆمی ئاوری یاریزانی ئوستراڵی، كە گۆڵی یەكەمی دروستكرد، توانی گۆڵی دووەمیش دروستبكات و تۆپێكی دایە رۆدنی ئەنتۆی و ئەویش كردیە گۆڵی سەركەوتن بۆ ئۆترێخت.

ئەمەش یەكەم شكستی فاینۆرد رۆتردام بوو لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر ئۆترێخت لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە