پەیامی ئەنچێلۆتی لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگەوە

27-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەبارەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند دەڵێت "گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ خۆی دەستکەوتە و تاوەکو رۆژی کۆتایی چێژ وەردەگرین."
 
ئەنچێلۆتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، دوای ئامادەکارییەکانی ئەمڕۆیان گوتی "هەفتەیەکمان لەپێشە بۆ ئاهەنگ گێڕان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە کۆتایی هەفتە روودەدا، ئاستەنگییەکان و تیپی بەرامبەرمان، بەڵام تاوەکو رۆژی هەینیمان لەپێشە بۆ چێژوەرگرتن، چونکە گەیشتن بە یاریی کۆتایی خۆی دەستکەوتە، بەتایبەت چامپیۆنزلیگ، لە بیری ئێمە ئەمە دەستکەوتە، بۆیە تا رۆژی یاریی کۆتایی ئێمە چێژ وەردەگرین."
 
کارلۆ دەڵێت "ئێمە ئێستا هەست ناکەین کە ئێمە باڵادەستین، وا بیردەکەینەوە کە بەرامبەر تیپێك یاریی دەکەین کە شایەنی گەیشتن بوو بە یاریی کۆتایی، ئەوان پاریسیان دەرکرد لە یاریی پێشکۆتایی، پێش ئەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەوان تیپێکی کوالیتی بەرزن، پێشانیاندا کە پابەندن لەنێو یاریگە، بۆیە ئێمە دەزانین کە تووشی کێشە دەبین، بۆیە دەبێت بجەنگین وەک هەموو یارییە کۆتاییەکان دەجەنگین."
 
راهێنەری ریال مەدرید زیاتر قسەیکرد و گوتی " ئارەقەی سەرما رۆ‌ژی شەممە پاش نیوەڕۆ دەکێشین، من دەزانم ئارەقی سارد و ترس، رۆژی شەممە دەبێت، بەڵام ئەمە ئاساییە، هەموو یارییەک ئەمە هەیە، من ئەزموونم هەیە، تیپەکەم زۆر متمانەم پێدەبەخشێت، من دەزانم ئەوان هەموو هزریان لای یارییەکەیە، ئەوان دەیانەوێت ببن بە پاڵەوان، بۆیە من زۆر متمانەم هەیە."
 
ئەنچێلۆتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئەوان تیپێکی زۆر خێران لە گواستنەوەی تۆپ، ئاستیان بەرزە و گەنجن، یاریزانی بەئەزموونیان هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنجی راکێشام یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمانیان بوو، لە هەردوو یاریی زۆر جوان مامەڵەیان کرد، و جەنگان، ئەو ویستەیان بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی زۆر ئازارمان دەدات و وادەکات زۆر راڕابین."
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە هێشتا قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "من رۆتینی خۆمم هەیە، هەر ئەوەش پەیڕەو دەکەم هیچ شتێکی جیاواز ناکەم، کەمێک خوڕافاتە بەڵام ئاساییە، چونکە لە لای من وایە ئەگەر نەیکەم دەدۆڕێن، تەنیا بۆ ئەمە و هیچی دیکە، وەک گوتم، ئێمە چێژی لێ وەردەگرین، و ئاگادارین کە چیمان کردووە لەم وەرزەدا، بەڵام دەبێ دوایین رتوشی کێکەکە تەواو بکەین و وەرزەکە بە باشترین شێوە کۆتایی پێ بهێنین."
 
ریال مەدرید ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە کۆمەڵگەی وەرزشی ڤالدێبێباس دەستپێکرد، رۆژی 1ـی مانگی داهاتوو لە یاریگەی وێمبڵی لە لەندەن بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە