رووداو دیجیتاڵ
رووماڵی تۆڕیی میدیایی رووداو لە رۆژی سێیەمی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـدا بەردەوام بوو، کە وێڕای بەرنامەی یۆرۆی 2024 دوو بووڵتەنی وەرزشی لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە لە کاژێرەکانی 13:30 و 16:30 پێشکێشکران و نوێترین زانیاری و گۆڕانکاری لە رێگەی گرافیک و ڤیتی و ڤیدیۆولەوە پێشکێشکران. هەروەها پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هاندەرانی هۆڵەندا و پۆڵەندا قسەی کرد.
لە سێیەم رۆژدا سێ یاریی بەڕێوەچوون، کە لە یاریی یەکەمدا، لە گەڕی یەکەمی یارییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا بەڕێوەچوو، هۆڵەندا ئاستێکی بەرزی بەرامبەر پۆڵەندا پێشکێشکرد و بەئەنجامی 2-1 لێیبردەوە، سەرەڕای ئەوەی پۆڵەندییەکان دەستپێشخەربوون لە تۆمارکردنی گۆڵی پێشکەوتن.
لە یاریی دووەمدا، سلۆڤینیا و دانیمارک لە چوارچێوەی یارییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا رووبەڕووی یەکبوونەوە و هەردوو تیپ 1-1 یەکسان بوون.
شرۆڤەکارانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە لایڤەکانیان و لە بەرنامەی یۆرۆی 2024ـدا شرۆڤەی ئەو یارییەیان کرد و پێیانوابوو هۆڵەندا تیپێکی بەهێزی ئەم پاڵەوانێتییە دەبێت، دوای ئەوەی توانی لە یەکەم یارییدا ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات.
لە یاریی سێیەمدا و لە هەمان کۆمەڵەدا، ئینگلتەرا، کە یەکێکە لە بەربژێرانی بردنەوەی نازناوەکە، ررووبەڕووی سڕبیا بووە و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لێیبردەوە، و دوای یارییەکە بەرنامەیەکی دیکەی یۆرۆی 2024 بەڕێوەچوو، کە بەرنامەیەکی سەرنجڕاکێش بوو، و تێیدا مامۆساتەیەکی ئاینی میوان بوو، ئەویش شێخ عەلی تاهیر بوو.
شێخ عەلی تاهیر، کە کەسایەتییەکی ئایینی ناسراوی شاری هەولێرە، زۆر گرنگیش بە وەرزش بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتی دەدات، وەک خۆی گوتی تیپی خۆی هەیە و بەردەوام یاری تۆپی پێ دەکەن.

ئەو مامۆستا ئایینییە بە قورئانێکی پیرۆزەوە ئامادەی بەرنامەکەی رووداو بوو، و پرسیارێکی لە رێبوار محەممەدی پێشکێشکاری بەرنامەی یۆرۆی 2024 کرد و دواتر قورئانەکەی بەدیاری پێشکێشی تۆڕی میدیای رووداو کرد.
لە کاتی شرۆڤەی یارییەکەدا کامەران نەسرەدین پێیوابوو جود بێلینگهام هەموو شتێکی لەو یارییەدا کرد و هۆکاری سەرەکی بردنەوەی ئینگلیزەکان بوو. سەرمەد سامحیش هاوڕابوو لەگەڵ کامەران و پێیوابوو بێلینگهام پیاوی یەکەمی یارییەکە بوو.
ئەڵمان عارف، بەپێچەوانەوە پێیوابوو ئینگلتەرا نەیتوانی ئەو ئاستە پێشکێش بکات کە چاوەڕوانی لێدەکرا، ئەگەرچی ئەوەی گرنگ بوو کردی، کە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بوو.
لەم بەرنامەیەدا، پەیامنێری رووداو، هونەر حەمید لە کەلار، لەنێو بازاڕی ئەو شارەدا لەگەڵ هاندەران سەیری یارییەکەی کرد و بۆچوونی چەند هاندەرێکی وەرگرت و دواتر تیروپشکی بۆ بەشداربووانی پێشبڕکێی رووداو کرد و سەرمەد عارف خەڵاتی رووداوی بۆ دەرچوو، کە مۆبایلێکی زیرەک بوو.
لە هەر شەوێکی یۆرۆدا پەیامنێرێکی رووداو لە شارێکی کوردستان بۆچوونی هاندەران وەردەگرێت و دواتر ئەو خەڵاتە بە هەوادارانی یۆرۆ دەدرێت.

کاژێر 19:00 رێبوار محەممەد، سامان وڵاتژێری و کامەران نەسرەدین بە لایڤ لە پەیجی رووداو سپۆرت شرۆڤەی هەردوو یاریی یەکەمیان کرد و بەشداربووان بە کۆمێنت پێشبینییان بۆ ئەنجامی یاریی نێوان ئینگلتەرا و سڕبیا کرد و دواتر لە بەرنامەی یۆرۆی 2024 تیروپشک بۆ براوەکە راکێشرا و محەممەد سەردار، کە خەڵکی هەڵەبجەی شەهید بوو، بووە براوەی لیرەیەکی زێڕ کە بە "لیرەی رووداو" ناسراوە.
خەڵاتی لیرەی رووداویش رۆژانە بە یەکێک لەو کەسانە دەدرێت کە لەو لایڤەی رووداودا پێشبینی ئەنجامی دوایاریی شەوەکە لە کۆمێنت دەنووسن.

دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ ئەڵمانیا، لە گیلیزرکێرچن دوای یارییەکە بۆچوونی هاندەرانی ئینگلتەرا و سڕبیای وەرگرت و ئینگلیزەکان دڵیان خۆش بوو بەو بردنەوە، ئەگەرچی زۆر رازی نەبوون لە ئاستی تیپەکەیان.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، وێڕای راگەیاندنی براوەی خەڵاتی لیرەی رووداو، تیروپشک بۆ خەڵاتی شەوانەی بەشداربووانی بەرنامەی یۆرۆی 2024 کرا، کە تەلەڤزیۆنێکی زیرەکە و ئەمجارە بۆ عومەر مامەند دەرچوو، کە خەڵکی هەولێرە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ