رووداو دیجیتال
ئەستێرەیەکی جیهانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق هاتووەتە شاری هەولێر، لە ناو کەمپێکی راهێناندا خۆی بۆ وەرزی نوێی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان ئامادە دەکات.
دانە حوسێن، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی هەڵبژاردەی عێراق، تەمەنی 34 ساڵە، خەڵکی بەغدایە و 16 ساڵە یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی عێراقە، یاریزانی یارییەکانی راکردنی 100 مەتر و 200 مەترە، خاوەن 30 نازناوی یەکەمی عێراقە و دوو ریکۆردی ژمارە پێوانەییەکانی عێراقیشی شکاندووە.
دانە حوسێن، بە تۆڕیی میدیایی رووداوی، گوت "من هاتووم بۆ کەمپێکی راهێنان لە شاری هەولێر، دەبێت لەژێر چاودێری راهێنەرەکەم بم و هەڵەکانم راست بکەمەوە، ئامادەکارییەکانم بۆ پاڵەوانێتیەکانی ساڵی نوێیە و سەرەتا لە مانگی یەکدا بەشداری پاڵەوانێتی جیهان دەکەم و چاوم لە دەسکەوتێکی گەورەیە".
ئەم کچە پاڵەوانەی بوکی یارییەکانی عێراق، خاوەن سێ میدالیای زێری وڵاتانی عەرەبە لەگەڵ میدالیایەکی بڕۆنزی پاڵەوانێتی جیهان، ئاستبەرزی وایکردووە بەشداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی لەندەن و پەکین بکات.