رووداو دیجیتال
کچە هاوڕێکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی یوڤێنتوسی ئیتالی، کۆتایی بەو مشتومڕە هێنا، کە ماوەیەکە لەسەر رۆیشتنی یاریزانەکە لە ریزەکانی یانەی خانمە پیرەکە هاتووەتە ئاراوە.
جۆرجینا رۆدریگێز، کچە خۆشەویستی ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، دووپاتیکردەوە کە وەرزی داهاتوو کریس لەگەڵ یوڤێنتوس بەردەوام دەبێت.
ماوەی گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یوڤێنتوس ساڵێکی ماوە و لە حوزەیرانی 2022 بەسەردەچێت، بەڵام ماوەیەکە چەندین راپۆرتی رۆژنامەڤانی لە ئیتالیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاپتنی پۆرتوگال دەتوانێت لە هاوینی ئەمساڵەوە لە تورین بڕوات.
جۆرجینا رۆدریگێز، خانمە دۆستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کە کریستیانۆ لە یوڤێنتوس دەمێنیتەوە.
پێشبینیکردن دەربارەی داهاتووی رۆناڵدۆ زیادیکردەوە، لەدوای گەڕانەوەی ماکسیمیلیانۆ ئالێگری بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی یوڤێنتوس و پێویستی بڕینی مووچە و کەمکردنەوەی تێچوون و خەرجییەکان بەهۆی قەیرانی جیهانیی کۆرۆنا، لەگەڵ ئەو هەواڵانەی باس لە رێککەوتنێکی نێوان یوڤێنتوس و مانچێستەر یونایتد بۆ ئاڵوگۆڕێکی نێوان رۆناڵدۆ و پۆل پۆگبا دەکەن.
رۆدریگیز کاتێک لە ئیسپانیا بوو بۆ وێنەگرتنی زنجیرەیەکی دیکۆمێنتاری لەسەر نێتفلیکس، سەبارەت بە داهاتووی رۆناڵدۆ پرسیاریان لێکرد و ئەویش وەڵامێکی کورتی دانەوە و گوتی "ئەو دەمێنیتەوە".
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی پۆرتوگالدایە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ یۆرۆی 2020 بکات، کە مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، دوای کۆتاییهاتنی وەرز لەگەڵ یوڤێنتوس و بردنەوەی نازناوی سێریا ئەی و بردنەوەی نازناوی جامی سوپەر و جامی ئیتالیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ