بارسێلۆنا دەیەوێت لەدواساتەکانی مێرکاتۆدا گورزێکی کوشندە لە ریال مەدرید بدات

31-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بارسێلۆنا ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا پلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ ئەوەی لە دواساتەکانی مێرکاتۆدا گورزێکی کوشندە لە ریال مەدرید بدات و ئامانجێکی ئەو یانەیە بباتە ریزەکانی، ئەگەر فێرمین لۆپێز بڕیاری رۆیشتن بدات!.
 
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی داخستنی بازاڕی گواستنەوەی هاوینە، هەواڵە چاوەڕواننەکراوەکان بەردەوامن لە بڵاوبوونەوە، کە لە کاژێرەکانی رابردوودا جوڵەی نائاساییمان بینی و لەوانەیە ئاراستەی هەندێک لە یانە گەورەکان بگۆڕێت.
 
لە سایەی ئەو دەستەوارە زۆرانەی کە بۆ فێرمین لۆپێزی ئەستێرەی گەنج پێشکێشی بارسێلۆنا دەکرێن، رووداوەکان رێڕەوێکی نوێیان گرتووەتەبەر. چێڵسی دەستەوارەیەکی گرانبەهای پێشکێش کردووە بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی فێرمین لۆپێز، بەڵام بارسێلۆنا بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، ئامادەنییە بەئاسانی دەستبەرداری یاریزانەکەی بێت. 
 
تاوەکو ئێستا کەتەلۆنییەکان هەر دەستەوارەیەک بەکەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆیان رەتکردووەتەوە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە بازاڕەکە لەوانەیە گۆڕانکارییەکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت لە ئەگەری بەرزبوونەوەی دەستەوارەکەی چێڵیسیدا بۆ فێرمین.
 
گەورەترین سوپرایز لە بیرۆکەی بارسێلۆنا ئەوەیە کە لە ئەگەری دەستبەرداربوون لە لۆپێز لەوانەیە هەموو شتێک بگۆڕێت، چونکە یانەکە تاوتوێی بەکارهێنانی بەشێک لەو پارەیە دەکات بۆ هەوڵدان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول، لەکاتێکدا ریال مەدرید چاوەڕوانی گرێبەستکردن بوو لەگەڵ یاریزانە فەرەنسییەکە لە وەرزی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر، بارسا لەوانەیە هەوڵ بدات لەگەڵ لیڤەرپوول دانوستاندن بکات بۆ بەدەستهێنانی یاریزانەکە لەم وەرزەدا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بارسێلۆنا بیر لە پێدانی بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ دەکاتەوە بۆ تەواوکردنی گرێبەستەکە، کە بڕێکە بەراورد بە بەهای بازاڕی یاریزانەکە کە دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ، زۆر کەم دەردەکەوێت. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە گرێبەستەکە لەوانەیە دەستەبەربێت ئەگەر یانە کەتەلۆنییەکە سەرکەوتوو بێت لە قایلکردنی لیڤەرپوول بۆ دەستبەرداربوون لە کۆناتێ لەم گواستنەوەیەدا.، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو بەبێ بەرامبەر لەدەستی نەدات.
 
هەرچەندە مەدرید پێشتر لەگەڵ کۆناتێ رێککەوتبوو لەسەر گواستنەوەیەکی ئەگەری لە هاوینی داهاتوودا، بەڵام بارسێلۆنا لەوانەیە ئەم گرێبەستە خێراتر بکات. بەتایبەتی دوای رۆیشتنی ئینیگۆ مارتینێز بۆ سعودیە، کە بۆشاییەکی دیاری لە هێڵی بەرگری بارسادا بەجێدەهێڵێت. 
 
ئەگەر بارسێلۆنا سەرکەوتوو بێت لە گواستنەوەی کۆناتێ لەم هاوینەدا، ئەو کارەی وەک گورزێکی بەهێز و کوشندە دەبێت بۆ ریال مەدرید لە داهاتوودا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە