قەڵەوی.. نەخۆشییە مەترسیدارەكە

06-04-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن قەڵەوی چارەسەركردنی
A+ A-

د.زاهیر سۆران*

قەڵەوی یەكێكە لە گەورەترین گیروگرفتە تەندروستییەكانی ئەمڕۆی نوژداری. كەم یان زۆر، گەورە تا گچكە و بگرە مرۆی بە تەمەنیش تووشی دەبێت .

 هەرچەندە زێدەتر مێینە هەوڵی داوە بەژن و باڵا قەڵەمی بێت و بەشداری پێشبڕكێی جوانی كردووە و هەوڵی داوە زێدەتر قەڵەو نەبێت، بەڵام زۆرجاران سەرنەكەوتووە.

بەپێی توێژینەوەكان، ئەمڕۆ ژمارەی ئەو ژنانەی كێشیان زۆرە لە زیادبووندایە، بەتایبەتی كاتێك تەمەنیان لە نێوان 45 - 50 ساڵیدایە. تا ئەمڕۆ چەند لایەنێكی بەرزبوونەوەی كێش یان قەڵەوی نەدۆزراوەتەوە، بەڵام توێژینەكانی ئەم بوارە گرنگەی تەندروستی بەردەوامن .

ئەوەی راستی بێت هۆی سەرەكی دەركەوتنی ژمارەیەكی ‌زۆری منداڵ و لاو كە كێشیان زۆرە یان قەڵەون، دەگەڕێتەوە بۆ:
1 - گوێنەدان بە وەرزش و یاریكردن.

2 - دانیشتن و كەم جووڵان، رۆژانە یاریكردن بە كۆمپیوتەر دەبێتە هۆی تێكچوونی خواردنی ژەمەكانی خۆراك.

3 - خواردنی شیرینی بە رێژەیەكی زۆر، خواردنی پیتزا و هەمبەرگر كە رێژەیەكی بەرز چەورییان تێدایە، خواردنەوەی رێژەیەكی لە رادەبەدەر كۆكاكۆلا، فانتا، پێپسی و .. تاد كە رێژەیەكی بەرز شەكریان تێدایە.

زۆرجاران نێر ورگ یان غەبغەبە دروست دەكات و ورگ و چەورییەكەی دەبێتە هۆی (شەكرەی جۆری 2، بەرزە پەستانی خوێن، بەرزبوونەوەی چەوریی نێو خوێن). بە پێچەوانەوە مێیینە زێدەتر لە ئاستی سمت و سێبەندەدا زیاد دەكات لەبەر ئەوە زێدەتر تووشی گیروگرفتی میكانیكی، دەروونی ، منداڵنەبوون، ناڕێكوپێكی بێنوێژی و ئاڵۆزكارییەكانی سكپڕی و منداڵبوون دەبێت.
 
مەترسییەكانی قەڵەوی:

1 - بەگشتی باری ژیانی مرۆڤ خراپ دەكات، وەك گیروگرفتی دەردانی پیسایی و تووشبوون بە مایەسیری.

2 - رێگری لە وەرزشكردن دەكات.

3 - كەمبوونەوە یان نەمانی وزە و هێزی لەش.

4 - تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە.

5 - 80%ی قەڵەوەكان تووشی نەخۆشیی شەكرە دەبن .

6 - 80%ی قەڵەوەكان تووشی بەرزەپەستانی خوێن دەبن .

7 - ئازاری ئاستی دڵ، ئازاری بڕبڕەی پشت، ژانەسەر. تەنگەنەفەسی و قورسبوونی كاری میكانیكی دڵ .

8 - بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵی نێو خوێن.

9 - ئاوسانی پێیەكان.

10 -خوێنبەرەسۆ ، تولانییە زراوە سۆ، گورچیلەسۆ، رێگاخۆشكردن بۆ تووشبون بە سییە سۆ.

11 - تێكچوونی زەوقی زایەندی .

21 - تێكچوونی سووڕی مانگانە.

13_ سووربوونەوەی نێوپۆشی گەدە.

15 - لە كاتی نەشتەرگەریدا پێویستە ژەمێك یان بڕێكی زۆر لە سڕكەرە ماددە بەكاربهێنرێت .

16 - گیروگرفتی كۆئەندامی ناوەندی دەمار (كەمخەوی، برسێتی، تینوێتی و .. هتد).

17 - تێكچوونی هۆرمۆنەكان (پرۆستات ، هێلكەدان، گلاندی سەرگورچیلەكان و گلاندی تایرۆید).

18 - ئەستووربوونی دیواری خوێنبەرەكان.

چارەسەری قەڵەوی

1 - خۆراك: پێویستە مرۆڤ رۆژانە سێ ژەم خۆراك بخوات، بە مەرجێك نانخواردنی بەیانیانی لەگەڵدا بێت و پاشتریش لە نێوان دوو ژەمی سەرەكیدا ژەمێكی سووك بخورێت .

2 - وەرزش: پاسكیل لێخوڕین، مەلەكردن ، پیاسەكردن و راكردن یان یاریی ئاسن زۆر بە سوودن .

3 - دەرمان: هەندێك گەورە ساڵان سوودیان لێوەرگرتووە، وەلێ نیشانەی لاوەكی هەیە .

4 - نەشتەرگەری: ئەگەر خۆراك ، وەرزش و دەرمان سوودیان نەبوو ئەوسا پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری .

*پسپۆری نەخۆشییە درمەكان و گشتییەكان



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە