جگەرەكێشان دەبێتە هۆکاری کەمبوونی سپێرم لە پیاوان

07-12-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن جگەرەکێشان سپێرم
A+ A-

رووداو –  هەولێر

لێكۆڵینەوەیەكی نوێ دەریدەخات، كە پیاوە جگەرەكێشەكان   سێ ئەوەندەی پیاوە جگەرەنەكێشەكان ئەگەری لەدەستدانی كرۆمۆسۆمی "Y"یان هەیە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی جۆرە جیاوازەكانی شێرپەنجەببن و رێژەی مردنیان بەهۆی شێرپەنجە لە هی ژنان زیاتربێت.

زانایانی زانكۆی ئۆپسالا لە سوێد، لە لێكۆڵینەوەیەكیاندا، كە لە گۆڤاری سایەنس بڵاوكراوەتەوە، باسی ئەوەدەكەن، " كرۆمۆسۆمی  Y، كە دەورێكی گرنگی هەیە لە دیاریكردنی رەگەز و بەرهەمهێنانی سپێرم، دەبێتە هۆی نەمانی ئەو كرۆمۆسۆمانە لە خوێنی ئەوانەی جگەرەدەكێشن".

لەبەرئەوەی كرۆمۆسۆمی  Y تەنیا لە پیاواندا هەیە، بۆیە لێكۆڵینەوەكە بووەتە بەلگەیەک بۆ ئەوەی، كە جگەرەكێشان زیاتر زیان بە پیاو دەگەیەنێت بەبەراورد لەگەڵ ژنان.

جان دۆماسك، پرۆفیسۆر لە زانكۆی ئۆپسالا، كە یەكێكە لە ئەنجامدەرانی لێكۆڵینەوەكە لەمبارەیەوە دەڵێت، " پەیوەندییەك هەیە لە نێوان جگەرەكێشان و لەدەستدانی كرۆمۆسۆمی  Y و ئەمەش رەنگە بەشێك لە وەڵامی ئەو پرسیارەمان پێبدات، كە ئایا بۆچی تەمەنی پیاوان لە تەمەنی ژنان كەمترە و هۆكارەكەشی بۆ زیانی زیاتری جگەرەكێشان لەسەر پیاوان بەرامبەر بە ژنان دەگەڕێتەوە".

لێكۆڵەرەوەكان بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن، رێژەی كۆلیسترۆلی خوێن، بوونیادی جەستە و جۆرە جیاوازەكانی نەخۆشیی، لێكۆڵینەوەیان لەسەر شەش هەزار پیاو ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوتووە، هەتاوەكو پیاو زیاتر جگەرەبكێشێت، زیاتر ئەگەری لەدەستدانی كرۆمۆسۆمی  Yـی هەیە واتا زیاتر ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە