چۆنیەتی بەهێزكردنی قژ

10-07-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن قژ
A+ A-

رووداو- ئاژانسەكان

ماوەی سووڕی گەشەی قژ 2-3 ساڵە. هەر تاڵەقژێك مانگانە 1 سانتیمەتر گەشە دەكات. 90%ی قژ بەردەوام لە گەشەدایە. 10%یشی لە پشوودایە. لەماوەی 2- 3 مانگدا ئەو بەشەی لە پشوودایە تەواو دەبێت و بە گرووپێكی نوێی موو جێگەی دەگیرێتەوە. ئاساییە رۆژانە چەند تاڵەموویەك لە قژت هەڵوەرن، بەڵام هەندێ‌ كەس زیاد لە پێویست مووی قژیان هەڵدەوەرێ‌.

هۆیەكانی قژهەڵوەرین

1- دوای تووشبوون بە نەخۆشییەكی توند یاخود نەشتەرگەرییەكی گەورە بەهۆی فشاری ئەو حاڵەتانەوە بۆ ماوەیەكی كاتی زیاد لەپێویست قژ دەڕووتێتەوە، ئەمە كاتییە و دوای ماوەیەك چاك دەبێتەوە.

2- تێكچوونی هۆرمۆنەكان: زۆر چالاكی و كەم چالاكی رژێنی دەرەقی هەردووك دەبنە هۆی قژ رووتانەوە. هەروەها تێكچوونی باڵانسی هۆرمۆنەكانی نێرینە و مێیینە دەبنە هۆی قژ رووتانەوە، بە چارەسەركردنی حاڵەتە هۆرمۆنییەكە، قژ رووتانەوەكەش چارەسەر دەبێت.

3- كاتی سكپڕی و ماوەی دوای منداڵبوونیش قژ رووتانەوە لە ئافرەتاندا زیاد دەكەن و دواتر خۆبەخۆ چاك دەبنەوە.
4- بەكارهێنانی هەندێ‌ دەرمان دەبنەهۆی قژ رووتانەوە و دوای وەستان لە بەكارهێنانیان قژ رووتانەوە ئاسایی دەبێتەوە. نموونەی ئەم دەرمانانە: هەندێ‌ لە دەرمانەكانی بەرزیی فشاری خوێن و نەخۆشیی دڵ، هەندێ‌ لە دەرمانەكانی روونكەرەوەی خوێن، دەرمانی نەخۆشیی دەردەشا، حەبی دژە منداڵبوون و حەبی دژە خەمۆكی.

جوانكاری

هەندێ‌ لەو ئامرازانەی بۆ جوانكاری  و مۆدێلاتی قژ بەكاردەهێنرێن رێگە خۆشدەكەن بۆ لاوازبوونی قژ و دواتر هەڵوەرینی. نموونەی ئەمانە: بەستنی بنی پەلكە بە قردێلەی توند، توند لوولكردنی قژ، تەسریحەی توند. ئەگەر بەر لە برینداربوونی سیكڵدانۆچكەكانی موو واز لەم ئامرازانە بهێنرێت، پێستی سەر ئاسایی مووی لێدێتەوە، بەپێچەوانەوە بۆ هەمیشەیی قژ تەنك دەبێت.

هەر ماددەیەكی كیمیاییش كە بەشێوەی كرێم یا جێڵ لە قژ دەدرێت، دەكرێ‌ كاری نەرێنی لە سیكڵدانۆچكەكانی مووی سەر بكات و دواتریش لاوازیان بكات.

قژ رووتانەوەی پیاوانە:

ئەو قژ رووتانەوەیەی لە پێشی سەری زۆر لە پیاواندا هەیە لە كوردەواری پێیدەگوترێ (كەچەڵی) لە زۆربەی حاڵەتەكاندا بۆماوەییە. هەتا لە تەمەنێكی زووتردا رووتانەوە دەستپێبكات، راددەی قژ رووتانەوەكە زیاتر دەكات.

بەڵام قژ رووتانەوەی ژنان جیایە و لەم بارەدا مووی هەموو پێستی سەر تەنك دەبێت.

چارەسەر:

پزیشك  هەندێ‌ پرسیارت لێدەكات بۆ تێگەیشتن لە هۆكاری قژوەرینەكەت و دواتر بەپێی هۆیەكە چارەسەرت بۆ دیاری دەكات، وەك: جۆری خواردن و دەرمانی پزیشكیی پێشتر و نەخۆشیی درێژخایەن. ئەگەر ئافرەت بیت جگە لەمانە لەبارەی سووڕی مانگانە و وەرگرتنی حەبی دژە سكپڕی و نزیكیی لە تەمەنی نائومێدی پرسیارت لێدەكات.

ئەگەر هۆكارێكی دیاریكراو هەبوو وەك بەدخۆراكی و ناڕێكیی هۆرمۆنی و هەوكردنی پێستی سەر، پزیشك چارەسەری تایبەتت پێدەدات.

ئەگەر هیچ لەمانە نەبوو، ئەوا هەندێ‌ دەرمان هەن كە یارمەتی بەهێزبوونی قژ دەدەن و وەرینی خاو دەكەنەوە یان دەیوەستێنن. یەك لەوانە بریتییە لە مینۆكسیدیل كە بەشێوەی شامپۆ و جێڵ و كرێم و سپرای هەیە و دەدرێت لە پێستی سەر.
چارەسەرییەكی دیكە بریتییە لە حەبی فیناستیراید، كە تەنیا بۆ پیاوانە و نابێ‌ بێ‌ ئاگاداریی پزیشك بەكاربهێنرێت، 6 مانگی پێدەچێ‌ تا هەست بە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی ئەم دەرمانە دەكەیت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە