سکچوون کوشندەیە، بەڵام چارەسەری ئاسانە

14-09-2014
د.زانیار نووری
نیشانەکردن سکچوون
A+ A-
د.زانیار نووری عوسمان*

رووداو - هەولێر

بە چی دەگوترێ سکچوون؟

سکچوون واتە زیادبوونی قەبارە یان کەڕەتەکان یان شلیی پیسایی. لە هەمووی گرنگتر زیادبوونی شلی یان رێژەی ئاوە لە پیساییدا.

بۆچی کوشندەیە؟

هەموو سکچوونێک ئەگەری هەیە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی ئەو کەسە، هەروەها کەمبوونەوەی خوێکانی ناو لەشی مرۆڤ کە ئەمانەش دەبنە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و تەنانەت خراپبوونی لێدانی دڵ و ملنان بەرەو مردن.

هۆکارەکانی دابەش دەبن بۆ دوو گرووپ: سکچوونی بەردەوام کەمتر لە هەفتەیەک و سکچوونی بەردەوام زیاتر لە چوار هەفتە. گرنگترینیان:

گرووپی یەکەم: مشەخۆر واتە پەتا، خواردنی خۆراکی پیسبوو، دەرمان.

گرووپی دووەم: کۆڵۆن، هەوکردنی کۆڵۆن، دەرمان، بەدهەرسی.

چی بکرێت؟

پێویست ناکات بۆ هەموو سکچوونێک بچیت بۆ لای پزیشک! ئەوەت لەبیر بێت هەندێک حاڵەت هەیە کەمێک پیسایی شل دەکاتەوە، لەوانە:

دڵەڕاوکێ، خواردنی وەکو شیر و ئایسکرێم و شەربەتەکان و هەنگوین و میوەکان و زۆری دیکە.

کەی بچینە لای پزیشک؟

تەنها گەر ئەم حاڵەتانەت هەبوو دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکە:

1- بینینی کێـم یان خوێن لەناو پیسایی.
2- تا
3- نیشانەکانی وشکبوونەوە وەکو زۆر تینووبوون، گێژخواردنی سەر.
4- سکچوون بۆ زیاتر لە چوار هەفتە.
5- سکچوونێک خەبەرت بکاتەوە لە خەو.
6- دابەزینی خێرای کێش.
7- سکچوونی بەردەوام (زیاتر لە 10 جار لە رۆژێکدا بۆ نموونە)
8- رشانەوە و ئازاری زۆری نێو سک.

گەر تەنیا خاڵی 4 و 6 بوون، ئەوا بڕۆ بۆ نەخۆشخانە راوێژکارییەکان، گەر ئەوانی دیکە بوون باشترە دەستبەجێ بڕۆیت بۆ بەشی فریاکەوتن.

پزیشک چیت بۆ دەکات؟

بەپێی هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکەت دەبێت، هەندێک جار پێویست بە هیچ پشکنینێک و چارەسەر ناکات گەر هۆکارەکەی ڤایرۆس بێت یان باری تەندروستیت باش بێت و هەندێک جار پشکنینی دەوێت. هەر بۆیە دڵگران مەبە گەر پزیشک نەیناردی بۆ پشکنینی خوێن یان پیسایی یان ئەگەر چارەسەی بۆ نەنووسیت!

لەبیرت بێت: زۆربەی سکچوونەکان پێویستی بە خواردنەوەی خوێواوە (ئەوەی لە کیسدایە)، ئەمە گرنگترین چارەسەری سکچوونە نەک دەرمان. خوێواو هەرچەندە تامی ناخۆشە بەڵام باشترین وەستێنەری سکچوونە، هەرگیز پەستانی خوێن بەرزناکاتەوە بە رادەیەکی مەترسیدار.
 
خۆت لەمانە بەدوور بگرە:

1- نەچوون بۆ نەخۆشخانە کاتێک نیشانە خراپەکانت هەبوو.
2- چارەسەر وەرگرتن لە غەیری پزیشک.
3- خواردنی وەستێنەرەکانی سکچوون وەکو ئینترۆستۆپ یان فلاجیل بێ گەڕانەوە بۆ پزیشک، ئەگەری هەیە ببێتە هۆی وەستانی ریخۆڵەت.
4- داواکردنی هەڵواسینی ئاو لە بری خواردنەوەی خوێواو.

تێبینی: ئەمە تەنها باسکردنی سکچوونە بۆ تەمەنی 13 ساڵ بەرەوژوور و بۆ منداڵ جیاوازە.

*هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە نەخۆشییەکانی هەناو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە