بەریتانیا چیدیکە رێگە بە یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەران نادات

01-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، ئەو پڕۆژەیە رادەگرێت کە رێگە بە خێزانەکانی پەنابەران دەدات لە بەریتانیاوە داواکاری پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی کەسوکاریان بچنە پاڵیان. ئەوەش هەوڵێکی حکومەتە بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی. 
 
پارتی کار لە هەوڵی ئەوەدایە رێگری لە کۆچبەرانی نایاسایی بکات کە بە بەلەمە بچووکەکان دەگەنە وڵاتەکە، ئەمەش بووەتە هۆی مشتومڕێکی تووند و زیادبوونی پشتیوانی بۆ پارتی دژە کۆچبەریی "چاکسازی بەریتانیا".
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "بۆ ماوەیەکی کاتی" داواکارییە نوێیەکان بۆ یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەران رادەگرێت و دەیانەوێت چاکسازی لە سیستەمەکەدا بکەن. 
 
وەزیرە بەریتانییەکە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "پێویستە بە خێرایی کێشەی گوشارەکانی سەر دەسەڵاتە خۆجێیەکان و مەترسییەکانی گرووپە تاوانکارییەکان چارەسەر بکەین کە یەکگرتنەوەی خێزان وەک هۆکارێکی سەرنجڕاکێش بەکاردەهێنن بۆ هاندانی زیاتری خەڵک بۆ ئەوەی سواری بەلەمە مەترسیدارەکان ببن."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو حوزەیرانی 2025، نزیکەی 21,000 ڤیزای یەکگرتنەوەی خێزانی پەنابەران دەرکراوە، کە زۆرینەیان بۆ ژنان و منداڵان بووە.
 
کووپەر رایگەیاند، گۆڕانکاری و چاکسازی گەورە لە سیستمی ڤیزای بەریتانیا بۆ کۆتایی ئەم ساڵ رادەگەیێنرێت.
 
پێشبینی دەکرێت مەرجی نوێ زیاد بکرێت کە داواکارانی ڤیزەی خێزانی لە بەریتانیا دەبێت توانای دارایی خۆیان بۆ دابینکردنی بژێوی کەسوکارەکانیان بسەلمێنن. هەروەها، ماوەی چاوەڕوانی بۆ پەنابەران درێژتر دەکرێتەوە، بە واتایەکی دیکە، دەبێت ماوەیەکی زیاتر چاوەڕوان بکەن دوای بەدەستهێنانی مافی مانەوە پێش ئەوەی بتوانن داوای ڤیزا بۆ کەسوکارەکانیان پێشکەش بکەن.
 
راپرسییەک کە مانگی رابردوو لەلایەن دەزگای ئایپسۆس بڵاوکرایەوە، دەریخست کە ئێستا پرسی کۆچبەری لە لیستی یەکەمی ئەو بابەتانەیە کە بەریتانییەکان گرنگی پێدەدەن، لەپێش ئابووری و خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانییەوە دێت. 
 
داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ سەرەتای ئەم مانگە دەریانخست کە زیاتر لە 111,000 کەس لە ماوەی یەک ساڵدا تاوەکو حوزەیرانی 2025 داوای پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە، کە بەرزترین ژمارەی داواکارییە لەدوای دەستپێکردنی تۆمارەکان لە ساڵی 2001ـەوە.
 
زیاتر لە 50,000 پەناخواز لەدوای ئەوەی کییەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کار، لە تەممووزی 2024 بووە سەرۆکوەزیران، لە نۆکەندی ئینگلزی پەڕیونەتەوە. 
 
پەڕینەوەی کۆچبەران کە لەسەردەمی حکومەتی پێشووی پارتی پارێزگارانیش هەبوو، بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و پارتی "چاکسازی بەریتانیا" بە سەرۆکایەتی نایجڵ فاراژ سوودی لێوەرگرت. 
 
بەرپرسانی بەریتانیا دەستیان بە دەستگیرکردنی خەڵک کردووە بەپێی رێککەوتنێکی "یەک بەرامبەر یەک" لەگەڵ پاریس، کە بەریتانیا دەتوانێت هەندێک لەو کۆچبەرانە بگەڕێنێتەوە فەرەنسا کە لە نۆکەندی ئینگلزی پەڕیونەتەوە. 
 
لە بەرامبەردا، بەریتانیا ژمارەیەک لە کۆچبەران لە فەرەنساوە وەردەگرێت کە دەتوانن داوای ڤیزا بکەن بۆ چوونە ناو بەریتانیا لە رێگەی پلاتفۆرمێکی ئۆنلاینەوە.
 
پارتی رێفۆرم چەندین مانگە بە بەردەوامی لە راپرسییەکانی گشتیدا لەپێش پارتی کارەوەیە، ئەوەش لەکاتێکدا هەڵبژاردنی داهاتووی لەو وڵاتە لە ساڵی 2029 دەکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە