رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عومان، کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکیی نێوان تاران و واشنتنە، رایگەیاند سەرەڕای بەردەوامیی هێرشە سەربازییە فراوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هێشتا دەرفەت بۆ دیپلۆماسی ماوە و "دەرگاکە دانەخراوە."
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە: "دەبێت زۆر روون بم؛ دەرگای دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە. گفتوگۆکانی جنێف پێشکەوتنی راستەقینەیان بەخۆوە بینیبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بێوێنە لەنێوان ئێران و ئەمریکا."
وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هیوایان وابوو رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن، بەڵام "جەنگ نابێت ببێتە هۆی کوژانەوەی تیشکی هیوای ئاشتی." گوتیشی: "من هێشتا بڕوام بە هێزی دیپلۆماسی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە."
ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عومان لە کاتێکدایە کە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەیان لەلایەن ئێرانەوە بەردەوامن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە، بەدر بوسەعیدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کردووە.
عومان لە چەند ساڵی رابردوودا رۆڵی نێوەندگیرێکی سەرەکیی لەنێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا، بەتایبەت ئەمریکا گێڕاوە و چەندین گەڕی گفتوگۆی نهێنی و ئاشکرای لەو وڵاتەدا میوانداری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ