رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی ئێران بە ویستی سەرۆکی وڵاتەکەی کۆتایی دێت و دەڵێت: "ئەمە جەنگێکی بێ کۆتایی نییە، بەڵام هەندێک کاتمان پێویستە." هاوکات سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکاش ئاشکرای دەکات کە لە ئاسمانی ئێراندا باڵادەستن و هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، لە واشنتن دی سی، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا و دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی نوێی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"یان بۆ سەر ئێران خستەروو.
هێگسەس: ئەمە وەکو جەنگی عێراق نییە
وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبارەی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی: "رژێمی ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بوو، پەرەی بە مووشەکەکانی دابوو بۆ ئەوەی قەڵغانێک بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی دروستبکات." جەختیشی لەوە کردەوە کە "پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئاشتییانە، پێویست ناکات لەژێر زەویدا بێت."
لەبارەی ماوەی جەنگەکە و جیاوازیی لەگەڵ شەڕەکانی پێشوو، پیت هێگسەس گوتی: "ئەم جەنگە وەکو جەنگی عێراق نییە کە بێ کۆتایی بێت، بەڵام هەندێک کاتمان پێویستە بۆ پێکانی ئەو ئامانجانەی سەرۆک ترەمپ دیاریکردوون. جەنگەکە بەپێی ئەو مەرجانە کۆتایی دێت کە سەرۆک ترەمپ دایناون."
"ئێران لاواز دەبێت و ئێمە بەهێزتر"
وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، پێش دەستپێکردنی جەنگ سێ گەڕی دانوستاندن کرا، بەڵام بێسوود بوو، چونکە تاران ئامادە نەبوو دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت. گوتیشی: "رۆژ بە رۆژ ئێمە بەهێزتر و ئێرانیش لاوازتر دەبێت. ئۆپەراسیۆنەکەمان بۆ تێکشکاندنی ژێرخانی مووشەکی، ئەتۆمی، هێزی دەریایی و سەربازیی ئێرانە."
هێگسەس باسی لە شەڕانگێزییەکانی ئێران کرد و گوتی: "هێرشی سەر باڵیۆزخانەکانمان بە پشتیوانیی ئێران بوو، بەڵام سەرۆک ترەمپ رێگەی لەو شەڕانگێزییە گرت."
چوار سەربازی ئەمریکی کوژراون
لە لایەکی دیکەوە، دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا، باسی لە زیانە گیانییەکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "هەوڵدەدەین زیانەکانمان کەم بن، بەڵام پێشبینی دەکەین زیانی گیانیی زیاترمان هەبێت."
ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ ئێران کوژراون، گەیشتە چوار سەرباز، ئەوەش دوای ئەوەی سەربازێکی دیکە کە بە سەختی بریندار بوو، گیانی لەدەستدا.
باڵادەستیی ئاسمانی و هێرشی سوپرایز
سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالاری ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە زۆر بە نهێنی پلانی بۆ دانراوە و بە "سوپرایز" دەستیپێکردووە. گوتیشی: "ئێستا ئێمە لە ئاسمانی ئێراندا باڵادەستین و سەدان مووشەکی بالیستیی ئێرانمان تێکشکاندووە."
دان کەین ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامن لە ناردنی هێزی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسیی درۆنەکانی ئێران دەکەن.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکاو ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و رێبەری ئەو وڵاتە و ژمارەیەک فەرماندەیان کوشتن، ئێرانیش بە درۆن و مووشەک وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.
جەنگەکە کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتووەتەوە. لە چەندین وڵات وەک عێراق و پاکستان خۆپێشاندان دژی هێرشەکان کرا و لە هەرێمی کوردستانیش چەند هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر کۆنسووڵخانەی ئەمریکا، بەڵام وەک بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن "هێرشەکان شکستیان پێهێنرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ