رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا پارتی "AfD" وەکو گرووپێکی راستڕۆی تووندڕۆ دەستنیشان کرد، کە دوای کریستیانەکان خاوەن زۆرترین کورسیی پەرلەمانن. ئەمەش دەسەڵاتێکی زیاتر دەداتە دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی حیزبەکە.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) کە بە پارتێکی دژە کۆچبەر، راستڕۆ و تووندڕۆ ناسراوە، چەند ساڵێکە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا (BfV)ـەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرا، هەروەها چەندین لقی حیزبەکە پێشتر وەکو راستڕۆی تووندڕۆ پۆلێن کرابوون.
رۆژی هەینی 02-05-2025، دەزگای هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا رایگەیاند، بڕیاری داوە هەموو حیزبەکە بەو ناوە پۆلێن بکات، "چونکە نموونەی زۆر هەبووە کە (AfD) هەوڵیداوە سیستمی ئازاد و دیموکراسی لە ئەڵمانیا تێکبدات."
لە بەیاننامەیەکدا دەزگای BfV رایگەیاند، ئامانجی حیزبەکە ئەوەیە کە "رێگری بکات لە بەشداریکردنی یەکسانی هەندێک گرووپی نێو کۆمەڵگە".
دەزگاکە هەروەها رایگەیاندووە، (AfD) هاووڵاتییانی ئەڵمانیا کە خاوەن رەچەڵەکی کۆچبەرین لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆری موسڵمانیان تێدایە، بە "ئەندامی یەکسانی گەلی ئەڵمانیا" دانانێت.
هەواڵگریی ناوخۆیی ئەڵمانیا پێیوایە "زۆر جار ئەمە لە ژمارەیەکی زۆری لێدوانە بەردەوامەکانی زێنۆفۆبیا (ترس لە بێگانە)، دژە کەمینەکان، ئیسلامۆفۆبیای بەرپرسانی باڵای حیزبەکەدا رەنگدەداتەوە".
ئەو پۆلێنکردنە دەسەڵاتی زیاتر دەداتە دەزگاکانی هەواڵگری بۆ چاودێریکردنی (AfD)، ئەمەش رێگرییەکان بۆ هەنگاوەکانی وەکو چاودێریکردنی تەلەفۆن و بەکارهێنانی بریکاری نهێنی کەمدەکاتەوە.
ئەو حیزبە لە چەند ساڵی رابردوودا بە سوودوەرگرتن لە زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە پرسی کۆچبەری، ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەش دەنگەکانی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، کە 23ـی شوباتی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) توانی پلەی دووەمی هەڵبژاردنەکە بەدەستبهێنێت و لە کۆی 630 کورسیی پەرلەمان 152 کورسی بردەوە، هاوپەیمانیی کریستیانەکان بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرتز، پلەی یەکەم و 208 کورسییان بەدەستهێنا.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا حیزبێکی سیاسی راستڕۆی تووندڕۆیە لە ئەڵمانیا. ئەم پارتە لە ساڵی 2013 دامەزراوە، سەرەتا وەک پارتێکی دژی یۆرۆ و دژی یەکێتیی ئەورووپا خۆی ناساند، بەڵام بە گشتی دژایەتیی کۆچبەر و پەنابەران، بە تایبەت موسڵمانان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ