رووداو- هەولێر
لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا ڤایرۆسی ئیبۆلا بە فراوانترین شێوە لە کیشوەری ئەفریقا تەشەنەیکردووە و رێژەی گیانلەدەستدان و تووشبوان بەم ڤایرۆسە رۆژانە لە زیادبووندایە.
لە وڵاتی لیبێریا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە دەستیپێکرد و تائێستا رێژەی توشبوون گەیشتووەتە نزیکەی 200 کەس. بە هەمانشێوە لەگینیاش رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەرزە و دەگاتە نزیکەی 500 کەس، تا ئێستاش زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاساتو کێنت، کۆمسینۆنەری نووسینگەی کۆچبەرانی لیبێریا دەڵێت: "ئەمە شتێکی ترسناکە لە وڵاتەکەماندا روودەدات، ناچارین خەڵکانی دیکە و خۆشمان لە تووشبوان و قوربانییەکان بپارێزین".
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە لێدوانێکدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی گینیا، سیرالیۆن و لیبێریا، لە کۆناکری پایتەختی گینیا داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد هاوکاری ئەو سێ وڵاتە بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە ترسناکەدا.
ماگرێت شان، بەڕیوەبەری گشتی WHO دەڵێت " پیویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەموو پێوەرێکی دروست هاوکاری ئەو وڵاتانە بکەن و بە ناردنی پسپۆڕ و تەکنەلۆژیای تاقیگە و جلوبەرگی پاراستن و هەروەها سەرچاوەی دارایی هەماهەنگی پلانی روبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە بکەن".
ولاتی سیارلیۆن زۆرترین رێژەی تووشبوونی بەم ڤایرۆسە بەردەکەوێت کە 500 حاڵەتی تێپەڕاندووە، بەڵام لە رووی گیانلەدستدانی تووشبوانەوە دوای گینیا دەکەوێت و رێژەی مردن بەم ڤایرۆسە لە 300 كەس کەمترە. بازرگانانی ئەو وڵاتەش ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریکردنی حکومەت نیشانداوە و رایانگەیاندووە لە رووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسەکە و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەم مەترسییە بەشداری دەکەن. سێکتەری خشل و زێری سیرالیۆن کە کۆمیتەیەکی بازرگانی بەهێزە و بە بلەد دایامۆند، واتە ئەڵماسی خوێناوی ناوی دەرکردووە، رایگەیاندووە سەرکردایەتی رووبەڕووبوونەوەی ئیبۆلا دەکات.
ئالفۆنزۆ چارلس، رێکخەری کامپینەکانی سێکتەری خشڵ و زێری سیرالیۆن رایگەیاند: "ئێمە دانانیشین تەنها چاوەڕێی حکومەت بکەین، وەک چۆن جارێک جۆن کێنەدی گوتی چاوەڕێ مەکە ولاتەکەت چیت بۆ بکات، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە تۆ دەتوانی چی بۆ وڵاتەکەت بکەیت، بۆیە پێویستمان بە چاوەڕوانیکردن لە حکومەت نییە بە تەنها، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بەشداری لە هەوڵەکانی حکومەتدا بکەین".
لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئیستا نزیکەی 100 کەس بەم ڤایرۆسە لە کیشوەری ئەفریقا گیانیان لەدەستداوە و، زیاتر لە هەزار و 500 کەسی دیکەش تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ئێستا بە هاوکاری رێکخراوە جیهانییەکان لەژێر چاودێری تەندروستیدان. ئەمەش زۆرترین رێژەی تووشبوونە لە دوای ساڵی 1976 ەوە کاتێک لە هەرسێ وڵاتی سودان و کۆماری کۆنگۆ 602 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکرا و 431 کەسیش بەم ڤایرۆسە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ