رووداو - هەولێر
تیمێکی دەرچووانی زانکۆکانی وارتۆن و هارڤارد، ئاوێنەیەکی زیرەکیان دروستکردووە، کە توانای ئەوەی هەیە دەنگ وەربگرێت و شاشەیەکی دیجیتاڵی و تەکنۆلۆژیای سکانی زیرەکی بۆ داندراوە.
ئەو ئاوێنە، کە بە "پرسیوس" ناونراوە، کامێرا، سپیکەر، وای فای و بلوتووسی لەسەر داندراوە.
ئاوێنەی پرسیوس شاشەی مۆبایلی بەکاربەر لە سەر دیواری ماڵەوە پیشاندەدات، بەکاربەرانی دەتوانن ئەپڵیکەیشن بەو ئاوێنە زیاد بکەن، بۆ ئەوەی گەیشتنی نامەکان و مایلەکان رابگەیێنێت و دەرفەتی ئاگاداربوونی لە کەشوهەوا، بینینی رێگاکان لە سەر نەخشە، رۆژژمێر و تەنانەت دەرفەتی بینینی هەواڵەکانیش بڕەخسێنێت.
ئاوێنەی پرسیوس ڤیدیۆی راهێنانی ماكیاژ بۆ خانمان و شێوازی بەستنی بۆینباخ بۆ پیاوان لەسەر شاشەکەی پیشاندەدات.
بەکاربەر دەتوانێت بە کامێرای ئێچ دی ئەو ئاوێنەیە، وێنەی سێڵفیش بگرێت.
بۆ ئەوەی بکرێت بە ئاوێنەی تایبەتی کەسەکان لە ناو ماڵدا، بە فەرمانێکی دەنگی ئەو گۆڕانکارییەی تێدا دەکرێت و بەپێی دەنگی کەسەکان دەگۆڕدرێت.
کاتێک وێنە یان ڤیدیۆیەک لەسەر شاشەکەی پیشاننادرێت، هاوشێوەی ئاوێنەیەکی ئاساییە و روخساری کەسەکان پیشاندەدات.
ئەو ئاوێنە لە شووشەیەکی دژە تەم دروستکراوە و لە بەرامبەر ئاودا خۆڕاگرە. هەروەها پێویستە پلاکێکی کارەبای لێ نزیک بێت، چونکە بە وزەی کارەبا کاردەکات.
نرخی ئەو ئاوێنە لە سەر ماڵپەڕی کیک ستار بە 209 دۆلار راگەیێندراوە، بەڵام مەزەندە دەکرێت لەگەڵ خرانە بازاڕی بە 440 دۆلار بفرۆشرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ