رووداو دیجیتاڵ
شەڕی ئۆکراینا، شەڕە قسەی ترەمپ و پوتینی گەرمتر کردووە. مانگە هەنگوینەکەی کۆشکی سپی و کرێملن، بە شەڕە قسەی بەرپرسانی هەردوولا، خەریکە تاڵ دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، "دەبوایە ئەوەمان بکردایە. دەبێت وریا بین. هەڕەشەیەکمان لەلایەن سەرۆکی پێشووی رووسیاوە لێکراوە و دەبێت ئاگامان لە خۆمان بێت، ئێمە بەرگری لە گەلەکەمان دەکەین".
لە 70 ژێر دەریاییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا، دووانیان بە فەرمانی ترەمپ بۆ جوگرافیایەکی نزیک لە رووسیا، گوێزراونەتەوە؛ نزیکترین خاڵی نێوان هەردوو وڵات " گەرووی بیرینگ"ـە لە نێوان ویلایەتی ئالاسکا و رۆژهەڵاتی رووسیا کە نزیکەی 85 کیلۆمەتر لە یەکدییەوە دوورن.
ئەو فەرمانەی ترەمپ لە دوای قسەیەکی دیمیتری میدڤیێدڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیاوە هات کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیایە، میدڤیێدڤ گوتبووی پێویستە ئەمریکا ئەوە لەبیر نەکات کە رووسیا چەکی ئەتۆمی سەردەمی سۆڤێتی هەیە، نزیکەی 40 ژێردەریایی ئەتۆمی هەیە و سەرووی 5 هەزار و 500 بۆمبی ئەتۆمی، لە کاتێكدا ئەمریکا خاوەن 5 هەزار بۆمبە.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا ئاماژەی بەوە دا، "دووبارەی دەکەمەوە ئێمە پێویستمان بە ئاشتییەکی هەمیشەیی و بەردەوامە، بەڵام ئەوە پێویستی بە دانووستاندنی ئارام و دوور لە چاوی میدیایە. لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی چەند دانیشتنێکمان کردووە و دەکرێت درێژەیان پێ بدەین".
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی سێ گەڕی دانووستاندن لە ئیستانبووڵی تورکیا، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا بەڕێوە دەبات.
سەرووی 115 هەزار کیلۆمەتر دووجا، کە نزیکەی 20٪ـی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەکات، ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای رووسیایە.
ترەمپ دەڵێت، پوتین بە رۆژ قسەی نەرم دەکات و بە شەو بۆردوومانی ئۆکراینا دەکات. لە 12 مانگی رابردوودا، بەهێزترین هێرشی رووسیا بۆ سەر کیێڤ کرا، کوژراو و برینداریش هەن.
ئیهۆر کلیمێنکۆ، وەزیری نێوخۆی ئۆکراینا باس لەوە دەکات، "هێرشەکە بە مووشەک کراوە، لەم باڵەخانەی سیڤیلی داوە، لانیکەم 31 کەس کوژراون، پێنجیان منداڵن، 150ـی دیکەش بریندارن".
ترەمپ کە پێشتر 50 رۆژی وەکو مۆڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا دابووە رووسیا، لە پڕ بۆ 12 رۆژ کەمی کردەوە و ئێستا دوا وادە 8ی ئەم مانگەیە.
کرێملن دەڵێت، رووسیا نە ئیسرائیلە و نە ئێران، وادەی بۆ دیاری بکرێت و هێڵی سووری بۆ بکێشرێت، لە ئەگەری هەر هێرشێك بە تووندی وەڵام دەداتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ