پێشنیازدەکرێت کەبابی دۆنەر لە یەکێتی ئەوروپا قەدەخەبکرێت

03-12-2017
دیار کوردە @diyarkurda
ماددەی فسفۆڕ یەکێک لەو ماددانەیە کە لە دروستکردنی ئەو کەبابە بەکاردەهێندرێت  و زیانی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە
ماددەی فسفۆڕ یەکێک لەو ماددانەیە کە لە دروستکردنی ئەو کەبابە بەکاردەهێندرێت و زیانی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە
نیشانەکردن کەبابی دۆنەر یەکێتی ئەوروپا
A+ A-

رووداو- بەرلین

پەرلەمانی ئەوروپا بە نیازە کەبابی دۆنەر کە کەبابی تورکیشی پێدەگوترێت لە یەکێتی ئەوروپا قەدەخە بکات بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی فسفۆڕ لەنێو ئەو کەبابەدا ، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لەسەر ئەم پرسە کۆببێتەوە . 

کەبابی دۆنەر، یەکێکە لەو خواردنە بەناوبانگانەی ئەوروپا ، بەتایبەتیش لە ئەڵمانیا خواستێکی زۆری لەسەرە ، ماددەی فسفۆڕ یەکێک لەو ماددانەیە کە لە دروستکردنی ئەو کەبابە بەکاردەهێندرێت ، بەگوتەی شارەزایان بوونی ئەو ماددەیە لە نێو کەبابی دۆنەر زیانی زۆری بۆ تەندروستی مرۆڤ دەبێت.

لەسەر ئەم بنیچینەیەش یەکێتی ئەوروپا دەیەویت ، ئەم جۆرە کەبابە لە وڵاتانی ئەوروپا قەدەخەبکات ، کە ئەمەش زیانی بۆسەر خاوەن کەبابخانەکانی دۆنەر لە ئەوروپا دەبێت.

باریس دۆنمێز، خاوەنی کەبابخانەی دۆنەر رایگەیاند: "پێشبینی زیانێکی بچووک بۆ بازرگانەکان دەکەم ، بەڵام لەو بڕوایەدام کەبابی دۆنەر رەگێکی قوڵی هەیە ، تاوەکو بمێنێتەوە ، بووەتە کولتوور و بەشێک لە بەرلین ، بۆیەش پێموانییە ئەم وردە کێشانە کەبابی دۆنەر نەهێڵن".

بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، بوونی ماددەی فسفۆڕ لە نێو کەباب، دەبێتە هۆکاری چەند نەخۆشییەک بەتایبەتیش نەخۆشیەکانی دڵ ، هۆشدارییە تەندروستییەکان ، نیگەرانی زۆری لای ئەوروپییەکان دروستکردووە ، بەجۆرێک زۆرکەس کەبابی دۆنەر لەو شوێنانە ناخوات ، کە ماددەی فسفۆڕی تێدا بەکارهێندرابێت.

دانیشتوویەکی بەرلین ، کە کڕیاری کەبابی دۆنەرە دەڵێت: "فسفۆڕ لەنێو هەموو سۆسەیجێک هەیە ، ئەمەش بۆ ئەوەی رەنگی گۆشتی سوور وەک خۆی بهێڵێتەوە. بۆیەش قەدەخەکردنی فسفۆڕ واتە گۆڕانکارییەکی گەورە. بەڵام من پێموایە چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە بۆ درووستکردنی کەبابی دۆنەر بەبێ بەکارهێنانی فسفۆڕ. لێرە لەم دووکانە کەبابەکە فسفۆڕی تێدانییە ، بۆیەش من دۆنەرەکەم لێرە دەخۆم نەک لە شوێنێکی دیکە".

بڕیارە لەم ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێ ئەم پرسە بکات و زۆربەی ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەچن ، بەکارهێنانی ماددەی فسفۆڕ لە کەبابی دۆنەر قەدەخەبکات. ئەمەش وادەکات ، یەکێتی ئەوروپا بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بۆ دروستکردنی کەبابی دۆنەر بەبێ فسفۆڕ بکاتەوە و یاسایەکی دیکە بۆ ئەم مەبەستە دەربکات.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە