ترامپ ریزی كۆمارییەكان دەهەژێنێ

04-05-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ترامپ
A+ A-

رووداو- Brookings  

شەوی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترامپ، بەربژێری كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە گوتارێكدا سیاسەتی دەرەوەی خۆی خستەڕوو. گوتارەكەی ترامپ كە لە شاری واشنتن و لە ناوەندی گۆڤاری ناشناڵ ئینترێست پێشكەش كرا، زۆربەی خاڵەكانی چاوەڕوانكراو بوون، تەنیا ئەوەندە نەبێت كە كۆمەڵێك لەو بابەتانەی پێشتر بە زەقی باسی دەكردن، لە گوتارەكەی ئەمجارەیدا نەبوون، لەوانەش دروستكردنی دیوار لەسەر سنووری نێوان ئەمریكا و مەكسیك.

تۆماس رایت، لە ئینستتیوتی برووكینگز پێیوایە گوتارەكەی ترامپ چەند خاڵێكی گرنگی تێدا بوو لەوانەش:

1- ئەمریكا كۆتایی بە هاوپەیمانێتییە نەریتییەكەی لەگەڵ ئەوروپا و ئاسیا دەهێنێ. ترامپ لە بەشێكی گوتارەكەیدا رایگەیاند، ئەمریكا چەندین ترلیۆن دۆلار پارەی بۆ بەهێزكردنی بەرگری لە ئەوروپا و ئاسیا خەرج كردووە "بەڵام ئەو وڵاتانەی ئەمریكا بەرگرییان لێدەكات، دەبێت خۆیان تێچووی ئەم بەرگرییە بدەن، ئەگەر وەها نەكەن، ئەوە ئەمریكا دەبێت ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت لێگەڕێت ئەم وڵاتانە خۆیان بەرگری لە خۆیان بكەن". 

هەڵبەت ترامپ لێرەدا مەبەستی ئەوە نییە ئەو وڵاتانە بودجەی سەربازیی خۆیان بۆ 2%ی تێكڕای بەرهەمەمی ناپاڵفتەی وڵاتەكەیان بەرزبكەنەوە، یانیش پشكێكی زیاتر لە تێچووی بنكە سەربازییەكانی دەرەوەی خاكی ئەمریكا بگرنە ئەستۆ، ئەوەی ترامپ داوای دەكات ئەوەیە ئەم وڵاتانە دەبێت پشكێكی بەرچاو لە بودجەی بەرگریی ئەمریكا بۆ پاراستنی ئەم وڵاتانە بخەنە ئەستۆی خۆیان. بنەمای ئەم بۆچوونەی ترامپ ئەوەیە سوپای ئەمریكا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی واشنتن لەو ناوچانە نییە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ئەو وڵاتانە ئامادە دەبن چەكی چەند ملیار دۆلاری بۆ سوپای ئەمریكا واژۆ بكەن؟ ئەگەر ئامادە نەبوون مەرجە داراییەكانی ئەمریكا قەبووڵ بكەن، هەڵوێستی واشنتن چی دەبێت؟ ئایا ئەمریكا ئامادەیە لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و دەریای چین بكشێتەوە، لە كاتێكدا ئەمە كاریگەرییەكی گەورە لەسەر لاربوونەوەی باڵانسی هێز بۆ لای رووسیا و چین دادەنێت؟ ترامپ لە پلانەكەی خۆیدا ئەم پرسیارانەی بە بێ وەڵام جێهێشتووە.

2- ترامپ بڕوای بە گۆشەگیركردنی ئەمریكا هەیە: لە بەشێكی دیكەی گوتەكانیدا ترامپ دەڵێت "ئێمە چیدی وڵاتەكەی خۆمان رادەستی نەغمە هەڵەكانی بەجیهانیبوون ناكەین. دەوڵەت - نەتەوە بناغەی راستەقینەی خۆشبەختی و هەماهەنگییە. ئێمە هیچكات ئەمریكا ناخەینە ناو رێككەوتنێكەوە كە توانای كۆنتڕۆڵكردنی كاروباری خۆمان كەم بكاتەوە." بەربژێرە كۆمارییەكە سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە "یەكەمجار ئەمریكا" وەسف كرد، ئەمەش هەمان دروشمی لایەنگرانی سیاسەتی گۆشەگیرییە. لایەنگرانی ئەم سیاسەتە دژی ئەوە نین ئەگەر ئەمریكا كەوتە مەترسییەوە بەرگری جیدی لەخۆی بكات، بەڵام دژی ئەوەن ئەمریكا شێوە بە ژینگەی سیاسی و ئەمنیی جیهان بدات، بە جۆرێك لە ژینگەكەدا بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بپارێزرێن. بە كورتییەكەی ترامپ دژی سیاسەتی بەرەوپێشبردنی دیموكراسی لە جیهان، كاری هاوبەش، گەرەنتیكردنی ئاسایشی جیهانە. تێڕوانینی ترامپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر لە هەموو كەس لە هی ڤلادیمیر پوتین دەچێت، لە كاتێكدا هەردووكیان پێیانوایە رەوشی ئاڵۆزی ئەم ناوچەیە بەرهەمی هەوڵی ئەمریكایە بۆ بڵاوكردنەوەی دیموكراسی رۆژئاوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

3- ترامپ دەیەوێت لەگەڵ رووسیا و چین رێكبكەوێت: دۆناڵد ترامپ هیچ ئاماژەیەكی بە هەڕەشەكانی رووسیا لەسەر ئەوروپا نەكرد، بەڵام زۆر بە لێڵی باسی "ناكۆكیی جیدی" لەگەڵ چین و رووسیا كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و رووسیا ترامپ پێیوایە "هێوركردنەوەی گرژییەكان و باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا- لە پێگەی دەسەڵاتەوە- شتێكی مومكینە... ئەگەر نەمانتوانی رێككەوتنێكی باش لەگەڵ رووسەكان بكەین، ئەوە لە مێزی دانوستاندن دەكشێینەوە." 

وەكوو لە گوتارەكەیدا دەركەوت "رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی ئیسلامیی رادیكاڵ" كاری لەپێشینەی سیاسەتی دەرەوەی ئەوە.  هەر ئەمەش دەكرێت بناغەی كاری هاوبەشی نێوان واشنتن و مۆسكۆ بێت. بەڵام پرسیارەكە ئەمەیە: بۆ راكێشانی رووسیا بۆ هاوكاریكردن لەم بوارەدا چ ئیمتیازێك بۆ رووسیا دەبێت؟

 رایت بە دووری نازانێت ترامپ لەبەرامبەر ئەم هاوكارییەدا رێگە بە رووسیا بدات كاریگەری و دەسەڵاتێكی زیاتری لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەبێت، ئەمەش پێچەوانەی ئامانجەكانی ناتۆیە.

سەبارەت بە چینیش، تێڕوانینی ترامپ زۆر لە روانگەی بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ رووسیا جیاواز نییە، بەبڕوای ترامپ "ئەمریكا كەموكورتی زۆری لە بازرگانیكردن لەگەڵ چین هەیە...ئەمریكایەكی زیرەك ئەو ئەمریكایەیە بتوانێ چین بكاتە دۆستێكی باشتر، ئێمە (واتە ئەمریكا و چین) هەردووكمان دەتوانین سوود وەربگرین و لەهەمان كاتدا هەر لایەكمان بە رێگەی خۆیدا بڕوات".

 تۆماس رایت پێیوایە لێرەشدا ترامپ چاوەڕێ دەكات چین قازانجێكی بۆ ئەمریكا هەبێت و لەبەرامبەردا ئەمریكا دەستی چین لە رۆژهەڵاتی ئاسیا زیاتر بكاتەوە.

4- گوێگری گوتەكانی ترامپ كۆمارییە لۆكاڵییەكان و سیاسییەكان بوون: دۆناڵد ترامپ نابێت بە تەمای ئەوە بێت نوخبەی سیاسی كۆمارییەكان بە سیاسەتی دەرەوەی ئەو رازی بن، بەتایبەتیش ئەوانەی لایەنگری لە كاریگەریی نێودەوڵەتی ئەمریكا لە جیهاندا دەكەن. گوێگرەكانی ترامپ لە دوو گرووپ پێكدەهاتن، یەكەم سیاسیە لۆكاڵییەكان و دووەم ریالیستەكان كە بڕوایان بە پاراستنی بەرژەوەندییەكان و بەهێزبوونی دەوڵەت هەیە و ئەمە بە كاری لەپێشینەی سیاسی و ئەخلاقی دەزانن. بەڵام كۆمارییە ریالیستەكان لە 1992ەوە پەراوێزخراون. بۆیەش پێشبینی دەكرێت پاكێجی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ مشتومڕێكی قورس لە ناو كۆمارییەكاندا دروست بكات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە