كتێبێك هەموو نهێنییەكانی مێلانیا ترامپ دەخاتە سەر بەڕە

04-08-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن مێلانیا ترامپ
A+ A-

رووداو - هەولێر

سلۆڤینیا بە وڵاتی شتە بەتامەكان ناسراوە، خەڵكی وڵاتەكە دەستەواژەی "سندوقی چوكلێت" بۆ وەسفی وڵاتەكەی خۆیان بەكاردەبەن. ئێستا لەناو ئەم سندوقەدا هیچ شوێنێك هێندەی شارۆچكەیەكی بچووك لە دیوی رۆژهەڵات شانازیی بە خۆیەوە ناكات. سێڤنیتسا تەنیا 5000 دانیشتووی هەیە و هەموو خەڵكەكەی یەكدی دەناسن، بەڵام هەر ئەوەندەش بەس بووە بۆ ئەوەی هاوژینی سێیەمی دۆناڵد ترەمپ و خانمی یەكەمی ئەمریكا لەوان بێت.

سێڤنیتسا شارێكە لەدەم رووباری ساڤایە و قەڵایەكی سەدەكانی نێوەڕاست بەسەریدا دەڕوانێت. ئەمە رێك ئەو شوێنەیە كە مێلانیا ترەمپ 20 ساڵی یەكەمی ژیانی تێدا بەسەر بردووە. خەڵكی شارۆچكەكە بە مێلانیا كناڤس ناوی دەبەن، واتە ناوی دووەمی ئەو خێزانەی لە 26ی نیسانی 1970دا تێیدا لەدایكبووە. 

بۆیان پۆزار یەكێكە لەو كەسانەی ژیاننامەی مێلانیا ترەمپ دەنووسێتەوە. لە بەشی یەكەمی كتێبی "مێلانیا ترەمپ: دیوی ناوەوەی چیرۆكی ژیانی"، باس لەوە دەكات كە خانمی یەكەمی ئەمریكا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا تەنانەت لەگەڵ سلۆڤینییەكانیش بە زمانی دایكی قسەی نەكردووە، هەرچەندە هەتا ئێستاش زمانە سلۆڤینییەكە بە تەواوەتی بە ئینگلیزییەكەیەوە دیارە. مێلانیا زیاتر لە 10 ساڵیشە چاوی بە شارۆچكەكەی خۆی نەكەوتووە. 

پۆزار بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكارییەكانەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات "یان ئەوەتا بەڵگەكانی كۆچبەری دیوێكی رەشی تێدایە، یان دەبێ شتێك لە سلۆڤێنیا هەبێت كە نیگەرانی بكات". لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا خێزانی ترەمپ بە سەردانێك لە ڤاتیكان بوون كە بە فڕۆكە تەنیا یەك كاژێر لە شوێنی گەورەبوونی مێلانیاوە دوورە، سەرەڕای هەوڵێكی زۆر، كەچی هیچ میدیایەكی سلۆڤێنی لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە هەڤپەیڤینی لەگەڵ بكات.

مێلانیا لە 1992 سلۆڤێنیا جێدەهێڵێ و بۆ كاری نمایشی جلوبەرگ روو لە نەمسا، ئیتاڵیا و فەرەنسا دەكات. وەكوو لە كتێبەكەی پۆزاردا دەردەكەوێت، خانمی یەكەمی ئەمریكا، هەر لەو رۆژەوە بڕیاری داوە دیوارێك لە نێوان رابردوو و داهاتوویدا دروستبكات. یورێ زورچیچ لە ساڵی 1991 بۆ چەند مانگێك پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ مێلانیا هەبووە و باس لەوە دەكات مێلانیا لە سەردەمی گەنجێتییەوە دڵی لە ئیتاڵیا و فەرەنسا بووە. مێلانیا و كۆنەیارەكەی جارێك لە نیویۆركیش یەكدییان بینیوە، ئەو كات مێلانیا دەستگیرانی ترەمپ بووە و بە ئینگلیزی سوێندی بۆ زورچیچ خواردووە كە هەرگیز ناگەڕێتەوە سێڤنیتسا.

سلۆڤینییەكان بە گشتی بەوە ناسراون كە شانازییەكی زۆر بە زمان و كولتووری خۆیانەوە دەكەن. مێژوونووسە سلۆڤێنییەكان هۆكاری مانەوەی زمان و نەریتی سلۆڤینی بۆ ئەو شانازییە دەگەڕێننەوە كە خەڵكی ناوچەكە بە زمان و كولتووری خۆیانەوەی دەكەن.

بەگوێرەی ستۆرییەكی ماڵپەڕی (دەیلی بیست)، خەڵكی سێڤنیتسا گوێیان لەو ساردوسڕییەی كچە بەناوبانگەكەی شارۆچكەكەی خۆیان نییە. ژمارەیەكی زۆر خواردن، كێك، قاوە و چایی تایبەت بە ناوی "مێلانیا" یان "خانمی یەكەم" كراون.

مێژوونووسانی سلۆڤینیا رەخنە لە خانمی یەكەمی ئەمریكا دەگرن كە بەشێك لە راستییەكانی لەبارەی ژیانی خۆی لە سلۆڤینیا گۆڕیوە. ئیگۆر ئۆمێرزا كە بە هاوبەشی لەگەڵ پۆزار ژیاننامەی مێلانیایان نووسیوە و ئەندامی پەرلەمانیشە، دەڵێت: "مێلانیا ترەمپ گوتوویەتی و نووسیویەتی كە باوكی بەڕێوەبەر بووە، بەڵام باوكی مێلانیا لە شارۆچكەی لیوبلیانا دووكاندار بوو، هەروەها گوتوویەتی دایكی دیزاینەر بووە و ئەمەش راست نییە. باسی لەوەش كردووە كە دەرچووی بەشی بیناسازییە، ئەمەشی راست نییە، نە خۆی و نە دایك و باوكی زانكۆیان تەواو نەكردووە".

خانمی یەكەمی ئەمریكا بەوە ناوی دەركردووە كە بێدەنگە و زۆر خۆی لە سیاسەت هەڵناقورتێنێ و بە پێچەوانەی میشێل ئۆباما، خانمی یەكەمی پێشووی ئەمریكاوە، دەستپێشخەری لە هەڵمەت و چالاكییە كۆمەڵایەتییەكاندا ناكات. لای خەڵكی شارۆچكەكە ئەمە شتێكی نامۆ نییە، لەبەر ئەوەی ئامالیا كناڤس، دایكی مێلانیا، هەمیشە هاوژینێكی بێدەنگی ڤیكتۆری مێردی بووە. ڤیكتۆر و ئامالیا چەند مانگ جارێك لە بەشە كۆنەكەی سێڤنیتسا دەبینرێن، بێ ئەوەی مێلانیایان لەگەڵ بێت.

ئۆرسولا فالەر، ئەنترۆپۆلۆجیست و توێژەر لە ژیانی مێلانیا، لەبارەی ئامالیاوە نووسیویەتی: "هەموو بەیانییەك خەڵك ئامالیایان دەبینی كە بە جلێكی جوان و پێڵاوی بەرزەوە لە ئاپارتمانەكەی خۆیانەوە بەرەو پردەكەی سەر رووباری ساڤاوە دەچوو بۆ ئەوەی لەوێوە بەرەو كارگە بچێت، گڵۆپی ژوورەكەی ئامالیاش تاوەكوو درەنگانی شەو نەدەكوژایەوە ـ چونكە خەریكی رێكخستنی جلەكانی مێلانیا و ئینەسی خوشكی بوو ـ ئەو دایكێك بوو دەیویست كچەكانی بە كەشخەیی دەركەون".

بەپێی راپۆرتەكەی (دەیلی بیست)، دایك و باوكی مێلانیا ئێستا خانوویەكی سپی دوو نهۆمییان لە ناوەندی بەشە نوێیەكەی سێڤنیتسا هەیە. هەرچەندە خانووەكە یەكجار گەورە نییە، بەڵام دیسانیش زۆر لەو خانووە بچكۆلانەیە گەورەتر و باشترە كە مێلانیا و ئینەسی خوشكی تێیدا گەورە بوون.

زورچیچ تاكە هاوشاریی مێلانیا نییە كە بانگەشەی پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ خانمی یەكەمی ئەمریكا بكات. پۆزار لە كتێبەكەی خۆیدا دەڵێت خەڵكانێكی زۆر باس لەوە دەكەن كە لە سەردەمی لاوێتی و مێرمنداڵێتیدا پەیوەندییان لەگەڵ هاوژینە 47 ساڵییەكەی ترەمپدا هەبووە، زۆربەشیان بە ئافرەتێكی ساردوسڕ وەسفی دەكەن. یەكێك لەوان پیتەرە كە بانگەشەی ئەوە دەكات یەكەم خۆشەویستی مێلانیا بووە، بەڵام دوای ئەوەی ناوی بۆ خزمەتی سەربازیی هاتەوە، مێلانیا وازی لێ هێناوە. مێلانیا رەتیكردووەتەوە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ هیچكام لەو كەسانەدا هەبووبێت كە ناویان لە كتێبەكەدا هاتووە.

چاوەڕێ دەكرێ درەنگ یان زوو سوێندەكەی مێلانیا بۆ نەگەڕانەوە بۆ سێڤنیتسا بشكێت. بۆروت پاهۆر، سەرۆكی سلۆڤینیا، بانگهێشتنامەی بۆ سەرۆكی ئەمریكا و هاوژینەكەی ناردووە. ئەوە ئەو رۆژەیە كە خەڵكی سێڤنیتسا، لە داوێنی چیای ئەڵپ، چاوەڕێی دەكەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە