بە تۆپەڵەقوڕ هێرشکرایە سەر شا و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا

04-11-2024
تەنیا ئەحمەد
نزیکەی هەفتەیەکە لافاو و بارانی بەخوڕ، پارێزگەی ڤالێنسیای گرتووەتەوە
نزیکەی هەفتەیەکە لافاو و بارانی بەخوڕ، پارێزگەی ڤالێنسیای گرتووەتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلیپی پێنجەم، شای ئیسپانیا و شاژنە لێتیزای هاوژینی بۆ دڵنەوایی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە سەردانی شارۆچکەی پایپۆرتایان کرد؛ بەڵام دانیشتووانەکەی بە تۆپەڵەقوڕ هێرشیان کردە سەریان و دەستیان لێیان نەپاراست.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاش کەوتە بەر شاڵاوی تووڕەیی خەڵک، دواتر رایگەیاند "دەمەوێت هاوسۆزیی خۆمان دەربڕم و بڵێم، حکومەتی ئیسپانیا لەو دڵتەنگی و ئازارەی هەموو خەڵکی ڤالێنسیا تێدەگات، کە بەسەریان هاتووە."
 
نزیکەی هەفتەیەکە لافاو و بارانی بەخوڕ، پارێزگەی ڤالێنسیای گرتووەتەوە و خەڵکێکی زۆری دەربەدەر کردووە.
 
تاوەکو ئێستا 217 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 60 کەسیان لەو ناوچەیە بوون کە تێیدا هێرش کرایە سەر بەرپرسانی ئیسپانیا.
 
فێرناندۆ لۆزانۆ، دانیشتووی پایپۆرتا دەڵێ "خەڵک دەمارگیر بوون، هیچی دیکەمان لەدەستنایەت. پاشا دەیزانی لێرە رووبەڕووی چی دەبێتەوە. خەڵک بە کاتێکی سەخت دا تێدەپەڕن؛ کەسوکاریان لەدەستداوە، ماڵەکانیان ئاو بردوویەتی و کارەکانیان لەدەستداوە."
 
خەڵکی ناوچەکە لەوە تووڕەن؛ "بۆچی بەرپرسان دوای چوار رۆژ سەردانیان دەکەن!"
 
هەرچەندە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە زوو ناوچەکەی جێهێشت، بەڵام شا و شاژن نزیکەی کاژێرێک زیاتر مانەوە بۆ ئەوەی گوێ لە خەڵك بگرن.
 
لافاوەکە لە ئەنجامی زریانێکی دەریای نێوەڕاست دروستبوو، حکومەتی ئیسپانیا بڵاوەی بە 10 هەزار سەرباز، پۆلیس و ئەندامی بەرگریی شارستانی کردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی خەڵک بدەن و تەرمەکان بدۆزنەوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە