ستیڤن هۆکینگ لە دوورگەکەی ئێپستین چی دەکرد؟

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بەکر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێش هەر شتێک، هەرکەس ناوی لە فایلە بڵاوکراوەکانی جێفری ئێپستین هاتبوو، بەمانای تێوەگلانی لە کاری بەدڕەوشتی نایەت، ئەگەرنا هەزاران کەسی بێتاوان دەبنە قوربانی.
 
دوای بڵاوبوونەوەی شەپۆلێکی دیکەی فایلەکانی ئێپستین، ستیڤن هۆکینگ، فیزیاناسی بەنێوبانگی جیهانی کەوتووەتە بەر باس و خەڵکێکی زۆر لە سۆشیال میدیاکانیانەوە رەخنەی لێدەگرن بەوەی گوایە لەگەڵ ئێپستیندا لە کاری بەدڕەوشتی تێوەگلابێت، بەڵام ئایا هیچ راستییەک لەو دەنگۆیەدا هەیە؟
 
لە جیهانێکدا کە بەهۆی هەیمەنەی سۆشیال میدیا، نەبوونی کات و کەمیی حەزی خەڵک بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئامانجداری ئایدیۆلۆژی، دەکرێت دەنگۆیەک وەکو راستییەکی گەورە پێشان بدرێت، بۆیە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە گرنگە.
 
پەیوەندیی هۆکینگ بە ئێپستینەوە چییە؟
 
ئێپستین جگە لەوەی بەنهێنی خەریکی ئەو کارانە بووە کە ئێستا جیهان سەرقاڵی باسکردنیەتی، هەندێ جار بۆ شاردنەوەی راستییەکان و بەلاڕێدابردنی رای گشتی و پۆلیس و دادوەرەکان لەسەر خۆی، هەوڵی کاری جیاوازی داوە. ئەو دامەزراوەیەکی بەناوی (VI Foundation) هەبوو کە بە رواڵەت ئامانجی پشتیوانیکردنی زانست و پەروەردە بوو، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دوای دەستگیرکردنی لە 2019 دەریانخست کە ئەم کارانەی تەنیا بۆ چاککردن و پاراستنی نێوبانگی بووە.
 
لە ئازاری 2006، بە سپۆنسەریی ئەو دامەزراوەیە، کۆنفرانسێکی زانستی بەناونیشانی (بەرپەرچدانەوەی هێزی کێشکردن) رێکخرا لە دوورگەی ساینت جەیمس کە ئێپستین خاوەنی بوو.
 
جگە لە ستیڤن هۆکینگ، دەیان زانای دیکەی زانست بانگهێشتکرابوون، لەوانە لۆرێنس کراوس، زانای کەنەدی لە بواری فیزیای تیۆری؛ فرانک ڤیلچێک و کیپ تۆرن کە هەردووکیان زانای ئەمریکیی براوەی خەڵاتی نۆبڵن بۆ فیزیا.
 
لە راستیدا، بەپێی ئەرشیڤی کۆنفرانسەکە، لۆرێنس کراوس، زانا کەنەدییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکەی ئێپستین کۆنفرانسەکەی رێکخستبوو کە ماوەکەی 5 رۆژ بوو لەسەر دوورگەکە.
 
ئەو دامەزراوەیە هەر لە سەرەتاکانی تۆمەتبارکردنی ئێپستیندا، لە ساڵی 2008 مۆڵەتی لێسەندراوەتەوە.
 
هۆکینگ بە چی تۆمەتبار دەکرێت؟
 
لە دوو بابەتدا ئاماژە بە هۆکینگ دەدرێت؛ بابەتی یەکەم ناوی لە سکاڵایەکی دادگەی نیویۆرک دا هاتووە لە ساڵی 2015 کە دادوەر لە کەیسی ڤیرجینیا جوفرای، ئەو ژنەی سکاڵای لە شازادە ئەندروی بەریتانیا کردبوو، داوای کردووە وێنەکانی ئازاری 2006 بگاتە دەستیان بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتریان هەبێت لەسەر سەردانکەرانی دوورگەکە.
 
تەنیا لە دوو وێنەدا هۆکینگ دەردەکەوێت و جگە لەو دووانە، ئەوانەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە یان بۆنەی دیکەن یان بە ژیریی دەستکرد دروستکراون.
 
لە وێنەی یەکەمدا لەسەر مێزێک دانیشتوون و پێنج کەسن، ستیڤن هۆکینگ و لۆرێنس کراوس (ئەو دوو پیاوەی دانیشتوون)، کە هەردووکیان وەکو زانای فیزیایی بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کرابوون، لەگەڵ گلێن دوبین، کە ملیاردێرێکی ئەمریکیە (ئەو پیاوەی بەپێوە وەستاوە)، ژنەکەی دەستە راست هاوژینی دوبینە و ژنەکەی دەستەچەپ ناسنامەی روون نییە؛ دانیشتنەکەیان ئاساییە و وادیارە کە ئێوارەخوانێک بێت.

 

 
وێنەی دووەم گەشتێکی ژێر دەریایە بۆ ستیڤن هۆکینگ بە ژێردەریاییەک لە دوورگەکەی ئێپستین، کە هیچیان بەڵگە و سەلماندن نین بۆ کاری بەدڕەوشتی.

 

 
بابەتی دووەم کە ئاماژە بە هۆکینگ دەدرێت، ئیمەیڵێکی ئێپستینە لە ساڵی 2015 کە داوا دەکات، ئامادەیە خەڵات بداتە هەر لایەنێک کە بیسەلمێنێت ستیڤن هۆکینگ لە کاری بەدڕەوشتی تێوەنەگلاوە لەو 5 رۆژەی بۆ کۆنفرانسەکە لە دوورگەکەی بووە.
 
ئەوکاتە بڵاوبوونەوەی وێنەکانی سەرەوە ببونە هۆی دەنگۆی زۆر لەسەر هۆکینگ و وەکو ئێستا جیهان سەرقاڵی بوو، وادیارە کە ئێپستین هەوڵیدابێت بیسەلمێنێت کە دەنگۆکان دوورن لە راستییەوە.
 
ڤیرجینیا جوفرای چی لەسەر هۆکینگ گوت؟
 
لە ساڵانی رابردوودا، ڤیرجینیا جوفرای رەتیکردەوە ناوبردنی هۆکینگ لە کەیسەکەی دادگەی نیویۆرک دا پەیوەندی بە کاری بەدڕەوشتییەوە هەبێت و گوتی، تەنیا لەسەر فەرمانی دادوەر وێنەکانی ئەو کۆنفرانسە داواکراون بۆ ئەوەی دادوەران بەرچاوڕوونییان هەبێت.
 
ڤیرجینیا جوفرای، شازادە ئەندروی برای شا چارلزی سێیەمی بەریتانیای بەوە تۆمەتبار دەکرد کە سێ جار دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری.
 
جوفرای نیسانی پار کۆچی دواییکرد.
 
چی لەبارەی ستیڤن هۆکینگ سەلمێندراوە؟
 
وەڵام: هیچ.
 
تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک، یان هیچ کچ و ژنێک سکاڵای لەسەر ستیڤن هۆکینگ نەبووە سەبارەت بەو 5 رۆژەی لەگەڵ هاوڕێ زانستکارەکانیدا بۆ کۆنفرانسێک لە دوورگەکە بوون. گریمانەی بەهێز ئەوەیە کە ئێپستین ویستوویەتی رێکخستنی ئەو کۆنفرانسە و بانگهێشتکردنی چەندین زانای بەنێوبانگ، بکاتە قەڵخانێک بۆ کارە شاراوەکانی.
 
زۆرینەی زانا بەشداربووەکانی ئەو کۆنفرانسە، ئەوانەی کە هێشتا زیندوون، لێدوانیان داوە و رەتیدەکەنەوە لە هیچ کارێکی نەشیاودا بەشدارییان کردبێت و پەشیمانی دەردەبڕن لە قبووڵکردنی بانگهێشتنامەی کۆنفرانسەکە.
 
ئەوکاتەی کۆنفرانسەکە بەڕێوەچووە، مانگی 3ی 2006، هێشتا جێفری ئێپستین دەستگیر نەکراوە و جگە لەو کچانەی ببونە قوربانی، وادیارە پۆلیس و سیستمی دادوەریی ئەمریکا ئاگاداری کارەکانی نەبوون.
 
کەیسی ئێپستین لە ساڵی 2008 تەقییەوە کاتێک یەکەمین داوای یاسایی لە دادگایەکی فیدراڵیی لە فلۆریدای ئەمریکا لەلایەن ژنێکی نەناسراوەوە تۆمارکرا کە بە (Jane Doe No. 2) ناسراوە؛ ژنە نەناسراوەکە داوای 50 ملیۆن دۆلاری لە ئێپستین دەکرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەناوی مەساجکردنەوە، ئێپستین دەستدرێژیی سێکسی کردووەتە سەری.
 
ستیڤن هۆکینگ کێیە؟
 
هۆکینگ فیزیاناسێکی تیۆری و گەردوونناسێکی بەنێوبانگی بەریتانی بوو (1942 - 2018)، کە بە دۆزینەوە زانستییەکانی، کتێبە پڕفرۆشەکانی و چیرۆکە کەسییە ئیلهامبەخشەکەی لە خۆڕاگری بەرامبەر سەختییەکان، نێوبانگی بۆ پەیدا کردووە.
 
دووان لە دۆزینەوە زانستییە مەزنەکانی هۆکینگ بریتی بوون لە (بیردۆزەکانی تاکێتی) و (تیشکدانی هۆکینگ)؛ یەکەمیان سەلماندی گەردوون خاڵێکی دەستپێکی هەبووە و نزیکەی 13.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر بە تەقینەوەیەکی گەورە دەستیپێکردووە. دووەمیان سەلماندی کونە رەشەکانی گەردوون هەمیشەیی نین، وزە دەردەدەن و رۆژێک لەنێودەچن.
 
چەندین کتێبی زانستیی نایابی لەسەر ئاستی جیهان هەبوو، بەتایبەت "کورتە مێژوویەکی کات" کە پڕفرۆشترین بەرهەمی ستیڤن هۆکینگ و یەکێک لە سەرکەوتووترین کتێبە زانستییەکانی مێژووە. 
 
ئەو فیزیاناسە، لە ساڵی 1963 و لە تەمەنی 21 ساڵیدا، تووشی نەخۆشیی (ALS) بوو. لە سەرەتای شەستەکاندا نیشانەکانی وەک تێکچوونی ئاخاوتن و کەوتنی لەناکاوی لێدەرکەوتن. لە کۆتایی ئەو دەیەیەدا پشتی بە گۆچان بەست و دواتر کورسیی کەمئەندامی بەکارهێنا. لە ساڵی 1985، بەهۆی نەشتەرگەریی قوڕگەوە توانای قسەکردنی لەدەستدا و چیدی سیستمێکی کۆمپیوتەری بۆ ئاخاوتن بەکارهێنا. لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا تەنیا بە جووڵەی ماسولکەیی گۆنای پەیوەندیی دەکرد. سەرەڕای ئەوەی پزیشکان تەنیا دوو ساڵ تەمەنیان بۆ دیاری کردبوو، هۆکینگ توانی 55 ساڵ لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بژی و ببێتە سیمبولی خۆڕاگری لە جیهاندا. هۆکینگ لە ساڵی 2018 کۆچی دواییکرد. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد ئەکرەمینیا، گوتەبێژی سوپای ئێران

گوتەبێژی سوپای ئێران: ئەگەر دووژمن جەنگ هەڵبژێرێ، ئێمە ئامادەین

گوتەبێژی سوپای ئێران دەڵێت، دەستیان بە سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەگات لە ناوچەکە. دەشڵێت: ''ئەوە سەرۆکی ئەمریکایە دەبێ لەنێوان دانوستاندن و جەنگدا، یەکێکیان هەڵبژێرێ.''