رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئەگەری هێرشی زەوینیی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
رۆژی پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنی دا پرسیاری لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە چی دەڵێت، ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەوینی بکەن، ترەمپ لە وەڵامدا گوتوویەتی: "پێموایە شتێکی ناوازە دەبێت، ئەگەر بیانەوێ بیکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەوی چوارشەممە چەند میدیایەکی ئەمریکی و ئیسرائیلی هەواڵی هەڵەیان بڵاوکردەوە کە گوایە "هەزاران کورد" دەستیان بەهێرشی زەوینی بۆ نێو رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. بەڵام هەر زوو تۆڕی میدیایی رووداو بەدواداچوونی بۆ هەواڵەکە کرد و روون بووەوە کە راستییەکە ئەوەیە هیچ هێزێکی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەچووەتە ئەودیو سنوور. دوای ئەوە، بەشێکی میدیای ئەمریکی راپۆرتە هەڵەکانیان سڕینەوە.
پرسیار لە ترەمپ کراوە کە ئایا ئەگەر هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشی زەوینی بکەن، ئەمریکا لە ئاسمانەوە دەیانپارێزێ؟ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتوویەتی: "من ناتوانم ئەوەتان پێبڵێم،" بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانج لە بەشداربوونی کورد "بردنەوە دەبێت."
سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە نایانەوێ هەرێمی کوردستان بەشێک لەم جەنگ و ململانێیە.
رۆژی چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران "داکۆکییان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، نێچیرڤان بارزانی "دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان نابێته بهشێک له ململانێكان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت، ههروهها پشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ لە گەلانی ناوچەکە".
ترەمپ: دەبێت رۆڵمان لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێراندا هەبێت
ترەمپ بە رۆیتەرزی راگەیاند، دەبێت ئەمریکا لە دیاریکردنی سەرکردەی داهاتووی ئێراندا رۆڵی هەبێت، ئەوەش دوای ئەوەی کە رۆژی شەممە بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامییان کوشت.
ترەمپ باسی لەوە کرد، پڕۆسەی دیاریکردنی سەرکردەی داهاتوو هێشتا لە قۆناخێکی زۆر سەرەتاییدایە، بەڵام موجتەبای کوڕی خامنەیی، بژاردەیەکی رەتکراوەیە.
ترەمپ رایگەیاند: "دەمانەوێ لە پڕۆسەی دیاریکردنی ئەو کەسەدا بەشدار بین کە لە داهاتوودا سەرکردایەتیی ئێران دەکات."
دەشڵێت: "نامانەوێ هەر پێنج ساڵ جارێک بگەڕێینەوە ئەوێ. [ئەوەی کە دەبێتە سەرکردە] پێویستە کەسێک بێت کە بۆ خەڵک باش بێت، بۆ وڵاتەکە باش بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ