گالەری

05-05-2024
20 Photos
بژار زوبێر @BBashqaly

رووداو دیجیتاڵ

لافاو و هەرەسی زەوی بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 57 کەس و ئاوارەبوونی نزیکەی 70 هەزاری دیکە لە باشووری بەرازیل.

هەروەها لانیکەم 74 کەس بریندار بوون و 67ـی دیکەش بێسەروشوێنن. ئەمە جگە لەوەی دوو کەسی دیکە بەهۆی تەقینەوەی وێستگەیەکی گاز لە ئەنجامی لافاو لە شاری پۆرتۆ ئەلێگرێ، گیانیان لەدەستدا.
 
بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئاو لە پارێزگەی ریۆ گراند دو سول، بووە هۆی سەرڕێژبوونی بەنداوەکان و دروستبوونی لافاو، ئەوەش هەڕەشەی ئابووریی بۆ سەر شاری گرنگی پۆرتۆ ئەلێگرێی خاوەن 1.4 ملیۆن دانیشتوو دروستکردووە. 

رووباری گوایبا کە بە نێو شارەکەدا دەڕوات، بۆ ئاستی پێوانەیی 5.04 مەتر بەرزبووەتەوە. 

جگە لەو 69 هەزار و 200 کەسەی کە بەهۆی لافاوەکەوە دەربەدەربوون، بەرگریی شارستانیی ناوچەکە دەڵێت، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بەهۆی لافاوەکەوە بێ ئاو بوون. 

ئێدواردۆ لەیت، پارێزگاری ریۆ گراند دێ سول گوتی، ناوچەکەیان پێویستی بە وەبەرهێنانی گەورەیە بۆ ئەوەی کارەساتەکە تێپەڕێنێت.

لە زۆر شوێن، خەڵک لە ریزی درێژدا چاوەڕێی پاسەکانیان دەکرد، بەڵام خزمەتگوزارییەکە لە نێوەندی شاردا لەکارکەوت.  

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پۆرتۆ ئەلێگرێ لە رۆژی هەینییەوە تاوەکو کاتێکی نادیار هەموو گەشتەکانی هەڵوەشاندنەوە.
 
لویز ئیناسیۆ داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل ڤیدیۆی هێلیکۆپتەرێکی بڵاوکردەوە کە سەربازێک لەسەر بانی خانوویێک دادەنێت، سەربازەکە بە خشتێک کونێک لە بانەکەدا دەکاتەوە و منداڵێکی ساوا کە بە بەتانییەک پێچراوەتەوە، رزگار دەکات. 
 
جاو گولیێرمێ، هاووڵاتیێکی تەمەن 23 ساڵانە، توانی خۆی لە لافاوەکە رزگار بکات، بەڵام موبایلەکەی لەدەستدا. ئەو دەڵێت "پەیوەندیم بە هەموو کەسێکەوە پچڕاوە و زۆر دەلەرزم."

وێنە: AFP