هێمن لهۆنی: رووداو نوێنەرێکی گرنگ و زۆر باشی کوردە لە نەتەوەیەکگرتووەکان

05-12-2018
رووداو @Rudawkurdish
هێمن لهۆنی لە کاژێر 08:00 لەگەڵ شاهۆ ئەمین باسی پێدانی خەڵاتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە رووداو دەکات
هێمن لهۆنی لە کاژێر 08:00 لەگەڵ شاهۆ ئەمین باسی پێدانی خەڵاتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە رووداو دەکات
نیشانەکردن ریكاردۆ ئۆرتیگا
A+ A-

رووداو - نیویۆرک

هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای رووداو دەڵێت، تیمی رووداو لە نەتەوەیەکگرتووەکان نوێنەرایەتییەکی گرنگی کورد دەکات و پێدانی خەڵاتی نەتەوەیەگکرتووەکانیش بە رووداو بۆ هەموو کوردێک جێگەی شانازییە نەک تەنیا میدیا و رۆژنامەنووسانی کورد.

هێمن لهۆنی بۆ بەشداری لە ئاهەنگی گەورەترین و گرنگترین رێوڕەسمی ساڵانەی رێزلێنان و خەڵاتكردنی باشترین كارە رۆژنامەڤانییەكان لە جیهاندا، لە بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە نیویۆرک، کە بڕیارە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 6-12-2018 بەڕێوەبچێت.

لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تەلەڤزیۆنی رووداو، هێمن لهۆنی باسی وەرگرتنی خەڵاتەکەی کرد و گوتی "ساڵانی پێشوو چەندینجار هاتوومەتە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک و گەڕاوم تێیدا، بەڵام ئەمجارە هەستێکی زۆر تایبەتم هەیە کە بینیم ناوی رووداو و ناوی کورد زۆر ئاشناترە لە جاران. هەموو ئەو دیپلۆمات و رۆژنامەنووسانەی لە نەتەوەیەکگرتووەکانن بینیمانن زۆر ئاشنان بەناوی رووداو".

لهۆنی گوتیشی "زۆر سوپاسی مەجید گلی هاوکارمان دەکەین کە ئێستا بەرهەمی چوار ساڵ کارکردن و چالاکییەکانی دەبینین و هەموو بیانییەکان لێرە وەسفی دەکەن". 

لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان تەنیا ئاڵای ئەو وڵاتانە هەڵکراوە کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن. هێمن لهۆنی دەڵێت "هاوکارانمان کە ئاڵای 193 وڵاتیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان بینی وەک هەستێکی نەتەوەیی باسی ئەوەیان دەکرد کە ئاڵای کوردستانی تێدا نییە، بەڵام دەتوانم بڵێم مەجید گلی نوێنەرێکی زۆر باشی ئەو ئاڵایە دەکات لەناو بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان. بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان زۆر مێژووییە".

هێمن لهۆنی باسی کاریگەری رووداو لەسەر پرسی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت "جاران دیپلۆماتکارێکی کورد تاوەکو گەیشتووەتە ئەم بارەگایە چەندین زەحمەتی رووبەڕوو بووەتەوە، بەڵام ئێستا هەر لەم بارەگایە رۆژنامەڤانێکی رووداو بەڕێزەوە خەڵاتدەکرێت".

لەبارەی گرنگی ئەو خەڵاتە بۆ میدیای کوردی، هێمن لهۆنی دەڵێت "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە نەک تەنیا بۆ میدیای کوردی بەڵام بۆ هەموو کورد. خەڵاتە نێودەوڵەتییەکە گرنگ و مێژوییە، راستە هەموومان وەک ستافی رووداو، بینەر، بیسەران و فانەکانمان دڵخۆشین، بەڵام هەر ئەو خەڵاتە گەورەیە رووداو دەخاتە قۆناخێکی نوێوە، لێپرسراوێتی رووداو زیاتر دەکات. چیدیکە رووداو میدیایەکی لۆکاڵی نییە بەڵکو چاوی دیپلۆمات و خەڵکێکی زۆری لەسەر دەبێت، لەمەودوا ئەرکەکانمان قورستر دەبن. رووداو میدیایاکی نێودەوڵەتییە و نوێنەرایەتی پرسێکی گرنگ دەکات".

هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای رووداو دەشڵێت "ئەوەی ئێمە لێرە بینیمان بەڕاستی دەریدەخات رووداو زۆر گەورەیە. بووەتە براندێکی نێودەوڵەتی. هەموو دیپلۆمات و رۆژنامەڤانان لێرە باس لە رووماڵەکانمان دەکەن لە شەڕی دژی داعش، ئاگاداری قوربانییەکانمان بەتایبەت شەهید شیفا گەردی کە لە موسڵ شەهیدبوو".

بڕیارە ئەمشەو چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی کوردستان لە مەراسیمێکی گەورەدا خەڵاتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە رووداو بدرێت. لهۆنی دەڵێت "ئەمشەو چاوێکی زۆر لەسەر رووداو دەبێت. ئێمەش پشتیوان بەخودا لە ئاست چاوەڕوانی بینەر و بیسەرەکانماندا دەبین".

ساڵی رابردوو سۆشیاڵ میدیای رووداو خەڵاتی وان ئیفرای لە دوبەی وەرگرت. ئەمساڵیش خەڵاتی خەڵاتی برۆنزیی (ریكاردۆ ئۆرتیگا)ی نەتەوەیەكگرتووەكان دەدرێتە عەبدولمەجید گلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نەتەوەیەكگرتووەكان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە