گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندی کورد لە سووریا بدرێت

06-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، پێویستە سوورییەکان خۆیان لە رێگەی گفتوگۆوە چارەنووسی خۆیان دیاریبکەن، بەڵام بە جۆرێک بێت کە دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندیی کورد و درووزەکان بدرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ی شوباتی 2025، ماریا زاخارۆڤا، سەبارەت بە داهاتووی حکومڕانی لە سووریا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بەم پرسە روونە. ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەکەوە هەیە و پێویستە خەڵکی سووریا خۆیان چارەنووسی خۆیان لە رێگەی گفتوگۆوە دیاریبکەن". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی داهاتووی سووریا "پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە و گرووپەکان، لەوانە کورد و درووزەکان بدەن.. پێویستە لایەنەکان رێز لە بنەما سەرەکییەکانی یەکگرتوویی خاک و سەروەریی سووریا بگرن."  
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوکاتی سووریا حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند. دواتر، حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە تاوەکو ئاداری ئەمساڵ پێکهێنا. 
 
رۆژی رووخاندنی حکومەتی وڵاتەکە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و بەشێکی ماڵباتەکەی چوونە سووریا. مانگی رابردوو شاندێکی رووسیا بە سەرۆکایەتی میخائیل بۆگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە سەردانی سووریایان کرد. 
 
دوای سەردانەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسانی دیمەشق داوایان لە شاندەکە کردووە کە ئەسەدیان رادەست بکەن. لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، رۆژی 29ی مانگی رابردوو زانیاریی پێویست لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە بڵاوکرایەوە و " باسکردنی لایەنێکی دیاریکراوی ئەو بابەتە، بەبۆچوونی ئێمە، گرنگ نییە."   
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و زاخارۆڤا
 
رووداو: ئایا بەرپرسانی دیمەشق داوایان لە وڵاتەکەتان کردووە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایان رادەست بکەن؟ 
 
ماریا زاخارۆڤا: زانیاری لەبارەی نێوەڕۆکی گفتوگۆکانەوە کە لە کانوونی دووەمدا لە دیمەشق لەنێوان شاندەکەمان کە لەلایەن میخایل بۆگدانۆڤەوە سەرۆکایەتی دەکرا و لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق کران لە رۆژی 29ی کانوونی دووەمدا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوکرانەوە. بەبۆچوونی ئێمە، باسکردنی لایەنێکی دیاریکراوی ئەو بابەتە گرنگ نییە.
 
رووداو: پرسیاری دووەمم پەیوەندی بە حکومەتی داهاتووی سووریاوە هەیە. هەڵوێستتان چییە لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی سووریا؟ ئایا پاڵپشتی ئەوە دەکەن کە کورد و دروزەکان ناوچەکانیان بەڕێوەببەن؟
 
ماریا زاخارۆڤا: هەڵوێستی ئێمە سەبارەت بەم پرسە روونە. ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەکەوە هەیە و پێویستە خەڵکی سووریا خۆیان چارەنووسی خۆیان لە رێگەی گفتوگۆوە دیاریبکەن، بەڵام پێویستە دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە و گرووپەکان، لەوانە کورد و دروزەکان بدەن. هەروەها، پێویستە لایەنەکان رێز لە بنەما سەرەکییەکانی یەکگرتوویی خاک و سەروەری سووریا بگرن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە