پەنجا ساڵ پێش ئێستا لە مانگی ئازاری ساڵی 1965، یەکەمین تیمی سەربازانی ئەمریکا چوونە ناو ڤێتنامەوە و هەمان ساڵیش فڕۆکەکانی ئەمریکا، ڤێتنامی باکووریان بۆردوومانکرد.
شەڕێک جیاوازتر لە شەڕەکانی پێشوو، ئەمریکا لە بەرەکانی شەڕدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، گۆریلاکانی ڤێتنام نزیکەی یەک ملیۆن کەسیان لێ کوژرا، بەڵام دواجار ئەمریکا ناچاربوو بکشێتەوە.
پێشتر شتی وا رووینەدابوو، بۆیە تائیستا کاریگەری ئەو شکەستە، لەناو رۆحی کۆمەڵگەی ئەمریکادا ماوەتەوە.
پرۆفیسیۆری مێژووی سەربازی گونار ئۆسەلیوس، لەو بارەیەوە دەڵێت "هەتا ئێستاش کاریگەرییەكانی ئەو شەڕە ماون، هێشتا جادوگەرییەکانی ئەو شەڕە لە ژیاندان".
کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری ساڵی 1965، کەس نەیدەوێرا بیر لەوە بکاتەوە کە چی روودەدات. شەڕی ساردی نێوان سۆڤێت و ئەمریکا درێژەی هەبوو، واشنتن لە دڵەڕوکێدابوو، زۆری نەمابوو ڤێتنامی خوارو هەرەس بێنێت و بکەوێتە دەست کۆمۆنیستەکانەوە، ئەوەش بە قازانجی سۆڤێت و بلۆکی کۆمۆنیستی تەواو دەبوو. بۆیە ئەمریکا بەپەلە بڕیاریدا و بەشداری شەڕەکەی کرد، سەرەتا 23000 سەربازیان رەوانەی ڤێتنام کرد، بەڵام پاشان بەشێوەیەک لە شەڕەکەوە گلان، لە ساڵی 1968 ژمارەی سەربازانی ئەمریکا، نیو ملیۆنی کەسی تێپەڕاندا.
تا دەهات شەڕەکە زیاتر خوێناویتر دەبوو، ڤێتنامی سەروو بڕیاری خۆی دابوو کە دەبێت بە هەر نرخێک بێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت. جێگری سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ڤێتنام، لی دوان، ساڵی 1965 ئاشکرایکرد:" ڤێتنامی سەروو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، نرخەکەی چەند گەورەش بێت، دەبێت ئەم شەڕە بەرینەوە".
گۆریلاکانی ڤێتنام بەیەکێک لە هەرە بە دیسپلینترین هێزی گریلای جیهان هەژماردەکران و باکیان لە مردن نەبوو. پرۆفیسیۆری مێژووی سەربازی گونار ئۆسەلیوس دەڵێت:" ژەنراڵ گیاپ نووسیویەتی، ترس لە دووژمن و ترس لە مردن، ئاراستەی مەترسیداری راستڕەوەکانە". بەڵام لە ڤێتنامی خواروو ئەو دیسپلینە نەبوو، کەچی زیانەکان زۆر زۆر بوون، کوژرانی 200 هەزار سەرباز. ئەمریکییەکانیش 58 هەزار و 132 سەربازیان لێ کوژرا، کە بۆ وڵاتێکی وەکو ئەمریکا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر بوو.
دەنگی ناڕەزایەتی دژی شەڕی ڤێتنام تا دەهات لە جیهان و لە ئەمریکا خۆیشی بەرزدەبووەوە. لە ساڵی 1968 تێگەیشتن کە زۆر زەحمەتە بتوانن ڤێتنامی سەروو بە چۆکدا بهێنن. ساڵی 1973 ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیدا و ڤێتنامی خوارووی بە چارەنووسێکی نادیار سپارد. زۆری نەخایاند لە مارسی 1975 دا، ڤێتانامی خوارو ئاڵای تەسلیمبوونی بەرزکردەوە و لە ٣٠ نیسانی هەمان ساڵدا بەتەواوەتی خۆیدا بە دەستەوە.
شەڕی ڤێتنام تەنیا شکستێکی گەورە نەبوو بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رووی سەربازییەوە، بەڵکو شەپۆلێکی سۆسیالیستی و چەپگەرایی بەدوای خۆیدا هێنا ، کە لە کۆتایی شیستەکان و سەرەتای حەفاتاکنی سەدەی رابردوودا، باڵی بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا کێشاو دەرگای رادیکالیزمی زیاتر ئاواڵا بوو.
زۆر کەس لە ئەوروپا شەڕی ڤێتنامیان وەکو شەڕی گەورە هێزی ئەمریکا و نەتەوەیەکی جوتیاریی قارەمان و ئازا سەیردەکرد.
هەرچۆنێک بێت، ساڵانە دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەی نوێ لەسەر شەڕی ڤێتنام لەسەر ئاستی دنیادا بڵاودەکرێنەوە و لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. راستە کۆمۆنیستەکان سەرکەوتن، بەڵام مێژوونووسە راستڕەوەکان دڵیان بەوە خۆشە کە ڤێتانم لە ساڵی 1986، پلانی ئابووری سۆسیالیستیان گۆڕی و بازاڕی ئازادایان کردەوە، بۆیە دەڵێ "راستە لە شەڕەکەدا کۆمۆنیستەکان سەرکەوتن، بەڵام دواجار کاپیتالیزم تەپڵی سەرەکوتنی لێدا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ