رووداو دیجیتاڵ
زاڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، تێڕوانینی خۆی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خستە روو. خەلیلزاد پێیوایە ئەم جەنگە لە شێواز و ئامانجدا جیاواز دەبێت لە جەنگی ساڵی 2003ی عێراق.
رۆژی هەینی 06-03-2026، خەلیلزاد لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەمریکا بیەوێت وەک ئەوەی لە ساڵی 2003 لە عێراق کردی، هێزێکی وشکانیی گەورە بۆ داگیرکردنی تاران و گۆڕینی رژێم بەکاربهێنێت و گوتی: "پێناچێت پلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا بێت، بەڵکو ئومێد و چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە لەرێگەی هێرشە ئاسمانییە چڕەکان و مووشەکی وردەوە، گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی ئێراندا رووبدات."
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا باسی لە ئەگەری بەشداربوونی کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان کرد لەم گۆڕانکارییەدا. خەلیلزاد گوتی: "باس لەوە دەکرێت کە کوردەکان دەتوانن رۆڵێکی هاوشێوەی هاوپەیمانیی باکوور لە ئەزموونی ساڵی 2001ی ئەفغانستاندا بگێڕن."
خەلیلزاد روونی کردەوە لە ئەفغانستان، ژمارەیەکی کەمی هێزە تایبەتەکان و کارمەندانی هەواڵگریی ئەمریکا لەسەر زەوی هاوکاریی هێزە خۆجێییەکانیان کرد بۆ دیاریکردنی ئامانجەکان و پێشکەوتنی سەربازی.گوتیشی: "ئەگەر ئەمریکا نەیەوێت هێزی گەورەی وشکانی بنێرێت، ئەوا پشت بەستن بە هێزە خۆجێییەکان وەک کوردەکان لەرێگەی پشتگیریی ئاسمانییەوە، دەبێتە بژاردەیەکی بەهێز."
زاڵمای خەلیلزاد لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو جەختی کردەوە، ئەم ساتەوەختە بۆ ئێرانییەکان بە گشتی و کوردەکان بەتایبەتی، "دەرفەتێکی مێژووییە" بۆ گەیشتن بەو گۆڕانکارییەی کە ساڵانێکە داوای دەکەن.
بەڵام هۆشدارییەکی تووندیشی دا و گوتی: "پێویستە کوردەکان و لایەنە ئێرانییەکان بە وردی و وریاییەوە لێکدانەوە بۆ هەنگاوەکانیان بکەن، چونکە ئەم دەرفەتە رەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا دووبارە نەبێتەوە. مەترسیی زۆر لە ئارادایە و پێویستە بە پلان و وریاییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ساتەوەختەدا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ