رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی رزگارکردن لە تێکساس، رۆژی یەکشەممە بەردەوام بوون لە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی دەیان کەسی بێسەروشوێنبوو، لەنێویاندا 27 کچ کە لافاو بردبوونی. ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 59 کەس بەرزبووەوە و هۆشداری لە لافاوی دیکە دەدرێت.
دانیشتووانی تێکساس شانبەشانی بەرپرسان، بە درێژایی شەو بەدوای بێسەروشوێنبوواندا گەڕان، لەنێویاندا کچانی کەمپێکی هاوینەی کریستیانی کە لەسەر رووبارێک بوو.
گرێگ ئابۆت، حاکمی ویلایەتی تێکساس رایگەیاند، کە 'کامپ میستیک' لە کەناری رووباری گوادالوپێ، کە نزیکەی 750 کچی لێبووە کاتێک لافاوەکە لێیداوە، "بە شێوەیەکی ترسناک وێران بووە کە لە هیچ کارەساتێکی سرووشتیی دیکەدا هاوشێوەیم نەبینیوە."
حاکمی ویلایەتەکە دوای سەردانی شوێنەکە لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "ناوەستین تاوەکو هەموو ئەو کچانە دەدۆزینەوە کە لەو کابینانەدا بوون."
دان پاتریک، جێگری حەکمی ویلایەتەکە، گوتی رۆژی یەکشەممە بارانێکی بەخوڕ دەبارێت کە ئەگەری لافاوی زیاتری هەیە، هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەمپەکە و شوێنەکانی دیکە بۆ لانیکەم 59 کەس بەرزبووەتەوە.
لافاوەکە رۆژی هەینی دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی بارانی چەند مانگێک لە ماوەی چەند کاژێرێکدا باری، کە زۆربەی لە شەودا و لە کاتی خەوی خەڵکدا بوو. ئاستی ئاوی رووباری گوادالوپێ لە ماوەی تەنیا 45 خولەکدا نزیکەی 26 پێ (هەشت مەتر) بەرزبووەوە کە زیاتر بوو لە باڵەخانەیەکی دوو نهۆمی.
کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی، گوتی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا "بە نێو گەردەلوولەکاندا دەڕۆن" بۆ گواستنەوەی رزگارکردنی هاووڵاتییان.
تیمەکانی فریاکەوتن لە ئاسمان، وشکانی و ئاوەوە بە درێژایی رووباری گوادالوپێدا دەگەڕان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان و تەرمی قوربانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ