رووداو - هێرۆشیما
رۆژی شەشی ئاب یادی 70ساڵەی بۆمببارانکردنی ئەمریکایە بۆ سەر هێرۆشیما بە چەکی ئەتۆمی، 70ساڵ دوای ئەو هێرشەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هێرۆشیما رایگەیاند ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی.
70ساڵ لەمەوبەر هاری ئێس ترومان 33ەهەمین سەرۆکی ئەمریکا، تەنها چوار مانگ دوای دەستبەکاربوونی و جێگرتنەوەی فرانکلین رۆزڤێڵت، بڕیاری هێرشی بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر ژاپۆن دەرکرد، چونکە پێی وابوو بەو جۆرە کۆتایی بە پەلامارەکانی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆنی دەهێنێت، بەشێک لە رەخنەگرانی ئەو کارەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش باسیان لەوە دەکرد، کە ئەمریکا ویستویەتی هێزێکی دیکە نیشانی یەکێتی سۆڤیەت بدات.
70ساڵ دوای هێرشی سەر هێرۆشیما خەڵکی ژاپۆن و بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، کە پەیامی ئەوان لەو رۆژەدا کارکردنە بۆ جیهانێک بەبێ بۆمبی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئەمریکا لەگەڵ رووسیا کار بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات، رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیش بەشێکە لەو پرۆژەیە.
کازومی ماتوسی، سەرۆکی شارەوانی هێرۆشیما دەڵێ" هیوادارم کە حکومەتی ژاپۆن کار بۆ دروستکردنی پردێکی ئاشتی بکات لەنێوان ئەو وڵاتانەی چەک و بۆمبی ئەتۆمییان هەیە لەگەڵ ئەوانەی کە نیانە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەک لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمییەوە لە جیهاندا دروست ببێت، پێشنیازی ئەوەش دەکەم هێرۆشیما ببێتە ئەو شوێنەی بڕیاری چەکداماڵینی تێدا بدرێت".
حکومەتی ژاپۆن لەو یادەدا جەختیکردووەتەوە لەوەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هەر هەوڵێک بۆ پاککردنەوەی جیهان لە بۆمبی ئەتۆمی و چەکی کیمیایی و هەموو جۆرەکانی چەکە کۆمەڵکوژەکان.
شینزۆ ئابێ، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن باسی هەوڵەکانی ژاپۆن بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەکات و دەڵێ" لە یادی حەفتا ساڵەی هێرۆشیما و لەو کاتەوەی ئەو هێرشە ئەتۆمییە روویداوە، ژاپۆن هەوڵی کارکردن بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەدات، کە بەداخەوە تا ئێستا بڕیارێکی یەکلایی لەسەر نەدراوە، ژاپۆن هاوکاری هەر هەوڵیک دەکات بۆ ئەوەی جیهانێکی دوور لە چەکی ئەتۆمی بێتەکایەوە".
جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا لەبارەی یادی حەفتا ساڵەی هێرۆشیما دووپاتی کردەوە ئەمریکا بەردەوامە لە پرۆژەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئەو چەکە ترسناکە، رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیش بەشێکە لە پرۆژەکانی ئەمریکا و گوتی "ئەم یادە بیرهێنانەوەیەکی بەهێزە، هەر ئەوەش گرنگی ئەو رێککەوتنە نیشان دەدات کە ئێمە لەگەڵ ئێران پێی گەیشتووین".
"ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەردەوامن بۆ کارکردن و بەتایبەت ئەمریکا لەگەڵ روسیا لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی هەیانە، کار بۆ کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی دەکەن" .
6-ی ئابی 1945ئەمریکا یەکەمین هێرشی بۆمبی ئەتۆمی لە مێژوودا دژ بە ژاپۆن لە هێرۆشیما ئەنجام داو 140هەزار کەسی کردە قوربانی، سێ رۆژی دواتریش لە 9-ی مانگ هێرشی دووەمی بۆسەر شاری ناکازاکی ئەنجام دا و 70هەزار ژاپۆنی دیکەی لەو هێرشەدا کۆمەڵکوژکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ