لە شاری پۆمپەی ئیتاڵیا شوێنەواری فڕن و تابلۆی خۆراک لە خانوویەکدا دەدۆزرێنەوە

06-08-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنی شوێنەوارە تازە هەڵدراوەکەی شاری پۆمپەی
دیمەنی شوێنەوارە تازە هەڵدراوەکەی شاری پۆمپەی
نیشانەکردن پۆمپەی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری پۆمپەی لە ئیتاڵیا، شوێنەوارناسان پاشماوەی ماڵێکیان دۆزییەوە کە شێوازی ژیانی شارەکە پێشاندەدات، پێش ئەوەی گڕکانە بەناوبانگەکە پێش نزیکەی دوو هەزار ساڵ، شارەکە خامۆش بکات و هەموو دانیشتووانەکەی بکاتە پەیکەری بەردین. 
 
شارەزایان دەڵێن، سێ ئێسکە پەیکەر، فڕنێک، گۆڕێک، پاشماوەی قەرەوێڵەیەکی نووستن و تابلۆیەکی سەر دیواریان دۆزیوەتەوە. تابلۆکە وێنەی خۆراکێک پیشاندەدات کە لە پیتزا دەچێت. 
 
پۆمپەی شارێکی ئیمپراتۆریەتی رۆما بوو، دەکەوێتە دامێنی چیای ڤێسیوڤیوز، ساڵی 79ـی زایینی گڕکانێک لە چیاکە تەقییەوە و ئاگر و بەردە تواوەکانی، شارەکەیان بە تەواوی داپۆشی و خەڵکەکەی هەموویان گیانیان لەدەستدا. 
 
لە ساڵانی رابردوودا، شوێنەوارناسان بەردەوام بوون لە هەڵکەندنی شوێنەواری شارەکە، بەڵام هێشتا یەک لەسەر سێی شارەکە لەژێر خۆڵدا ماوەتەوە و هەڵنەدراوەتەوە. 
 
ئەو شوێنەی شوێنەوارە تازەکانی تێدا دۆزراوەتەوە، هاوشێوەی گەڕەکێکە. ئەو گەڕەکە کۆشکی خەڵکی دەوڵەمەند و ماڵی ئاسایی خەڵکی چینی نێوەڕاستی شارەکەی تێدا بووە. 
 
ئەو ماڵەی دۆزراوەتەوە، یەکێکە لەوانەی لە کۆشکی کەسێکی دەوڵەمەند دەچێت. شوێنەوارناسان هەوڵدەدەن بە دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی نێوی، بزانن ماڵەکە لە چی پێکهاتووە و کێ تێیدا ژیاوە، پێش ئەوەی گڕکانەکە هەموو شتێک بشارێتەوە. 
 
گابریێل زوگتریگێل، بەڕێوەبەری شوێنەواریی پۆمپەی دەڵێت، "تابلۆمان دۆزیوەتەوە؛ نیگارمان دۆزیوەتەوە کە ژیان پیشاندەدات؛ هەروەها ژووری دیکەش هەن کە تابلۆیان تێدایە؛ جگە لەوە، نانەواخانەیەک دۆزراوەتەوە کە فڕنێکی تێدایە؛ ئەمە شتێکی ئاسایی نییە."
 
لە کاتی چوونەنێو ماڵەکەدا، گەشتیاران چاویان بە تابلۆیەکی سەر دیوارێک دەکەوێت کە وێنەی خۆراکێکی هاوشێوەی پیتزا پیشاندەدات. چەند مەترێک لەو لاوە، فڕنێکی گەورە هەیە کە بە پارێزراوی ماوەتەوە و دەتوانێت رۆژانە 100 کولێرە بەرهەمبێنێت. 
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 فڕن لە پۆمپەی دۆزراونەتەوە، بەڵام شوێنەوارناسان دەڵێن، دەکرێت ئەمەیان لە لایەن کۆفرۆشێکەوە بەکارهێنرابێت بۆ دابەشکردنی نان بەنێو شارەکەدا، لەنێویاندا بۆ ئەو کەسانەی خۆراکی خێرایان فرۆشتووە کە پۆمپەی ناودار بوو پێیان. 
 
روونە، وەستاکان سەرقاڵی نۆژنەنکردنەوەی خانووەکە بوون پێش ئەوەی گڕکانە بتەقێتەوە، چونکە هەندێ کاشی بە رێکوپێکی لەسەر زەوییەکە لەسەر یەکدی دانراون، هەر وەک ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لەوێ دانرابن. 
 
وەک زۆربەی شوێنەکانی دیکەی پۆمپەی، وا دەردەکەوێت لە رۆژی تەقینەوە گەورەکەوەدا، کات وەستابێت. لە یەکێک لە ژوورەکاندا، پاشماوەیەک هەیە کە پێدەچێت جێگەی خەوتن بووبێت، گەواهیدەری ئەو ساتانەیە خەڵکەکە پێیدا دەربازبوون. 
 
چەند مەترێک دوور لە فڕنەکەوە، سێ ئێسکە پەیکەر دۆزرانەونەتەوە کە لەسەر زەویەکە راکشاون و ئێسکەکانیان شکاوە. 
 
لێکۆڵەران پێیانوایە دووانیان ژن و ئەوی دیکەیان منداڵێکی سێ تاوەکو چوار ساڵان بووە، ئەوان لەکاتی تەقینەوەی گڕکانەکە پەنایان بردووەتە بەر یەکێک لە ژوورەکان بۆ ئەوەی لە لێشاوی بەردە تواوەکان رزگاریان بێت، بەڵام دواتر بانەکە بەسەریاندا رووخاوە و گیانیان لەدەستداوە. 
 
گابریێل زوگتریگێل دەڵێت، "ئەوان زۆر بە خراپی زیانیان بەرکەوتووە، بەهۆی رووخانی نهۆمەکانی سەرەوەی خانووەکە؛ بۆیە دیمەنێکی زۆر ناخۆشی ئێسک و کەللـەسەری شکاو هەیە."
 
پۆمپەی مەودای بەردەقانێک لە ناپۆلی شاری پیتزاوە دوورە، بەڵام کەرەستەی خواردنە بەناوبانگە ئیتاڵییەکە، کە تەماتە و مۆزارێلان، لە کاتی نەخشاندنی تابلۆکەدا، واتە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر، نەدۆزرابوونەوە. 
 
پسپۆڕەکان دەڵێن، ئەوەی لە تابلۆکەدا دەرکەوتووە، کێکێکە بە میوەی وەک هەنار و خورما و بەهارات داپۆشراوە. لە تابلۆکەدا، کێکەکە خراوەتە سینیەکی زیوی و لە تەنیشت جامێکی مەی دانراوە. 
 
لە یەکێک لە ژوورەکاندا، هەڵکەنەرەکان مەزارگەیەکیان دۆزیەوە کە خەڵکەکە سەردانی کردووە بەو هیوایەی خەون و نزاکانیان بێنەدی. مەزارگەکە بە دوو مار نەخشێنراوە کە لەو سەردەمەدا هێمای خۆشگوزەرانی و موژدەبەخشیی خۆشی بوون. 
 
ئەم شوێنەوارانە کە ئێستا دۆزراونەتەوە، دەکەونە شوێنێکی شارەکە، کە بۆ یەکەمین جارە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا هەڵکەنرا، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە هەموو ناوچەکە و کۆشکەکانی ئاشکرادەکرێن. 
 
راستە تەپوتۆزی گڕکانەکە چەندین شوێنەواری ناشتووە کە بەهاکەیان لە بن نایەت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بووەتە پارێزەرێک بۆیان. 
 
بەردە تواوەکان لە ژێر رووی زەوییەکەدا ژینگەیەکیان دروستکردووە کە شێ، هەڵم و گەرماکەی جێگیرن، بۆیە پارچە شوێنەواری ناسکی وەک تابلۆکان، لە دۆخێکی نایابدا ماونەتەوە. 
 
لە گڕکانەکەی شاری پۆمپەیدا زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رووداوە لەناکاو و کوشندەکە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی خانوو، باڵەخانە و ژێرخانی شارە رۆمانییەکە لە شوێنی خۆی و وەک خۆی لە نێو تەپوتۆز و بەردی تواوەی گڕکانەدا بمێنێتەوە. ئێستا شوێنەکە بووەتە رووگەیەکی گەشتیاریی گرنگ و دیاری ئیتاڵیا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.