بەهۆی پێناسە گومرگییەکانەوە 88 وڵات خزمەتگوزاریی پۆستە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرن

06-09-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوبەری گشتیی یەکێتیی جیهانی پۆست کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە رایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی پێناسە گومرگییەکانەوە 88 وڵات خزمەتگوزاری پۆستە و گەیاندنیان لەگەڵ واشنتن راگرت. خزمەتگوزارییەکە لە وڵاتانی جیهانەوە بۆ ئەمریکا 81٪ کەمیکردووە. 
 
رۆژی شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، ماساهیکۆ میتۆکی رایگەیاند، دوای ئەو گۆڕانکارییە کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە گواستنەوەی پۆستە بۆ ئەمریکا خێراتر بکات.  
 
تەممووزی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە 29ـی ئابەوە لێخۆشبوونی باج لە گواستنەوەی شمەک بە پاکێجی بچووک ناهێڵێت. ئەمەش ناڕەزایەتی لەنێو بەشێکی وڵاتانی جیهان لێکەوتەوە ئەوانەی کە زۆرترین خزمەتگوزاریی پۆستەیان لەگەڵ واشنتن هەیە، لەوانە ئوسترالیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، ئیتاڵیا و ژاپۆن. 
 
بە گوێرەی یەکێتییەکە، لە هەفتەی یەکەمی دوای دەستکردن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، گواستنەوەی پۆستە بۆ ئەمریکا 81٪ کەمیکردووە بەراورد بە هەفتەیەک پێش 29ـی ئاب. 
 
ماساهیکۆ میتۆکی دەشڵێت، 88 وڵات پێیان راگەیاندوون کە هەموو یان بەشێکی خزمەتگوزاریی پۆستەیان لەگەڵ ئەمریکا راگرتووە تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ پرسەکە دەدۆزرێتەوە. ئەڵمانیا و بەریتانیا لەنێو ئەو وڵاتانەن. 
 
یەکێتیی جیهانیی پۆستە ساڵی 1874 پێکهێنراوە و 192 وڵات ئەندامن تێیدا. بارەگای یەکێتییەکە لە شاری بێرنی سویسرایە کە سەرپەرشتیی یاسا و رێساکانی خزمەتگوزاریی پۆستە لەنێوان وڵاتاندا دەکات. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە