لە بۆرکینا فاسۆ حکومەتێکی ئینتیقالی دادەمەزرێ

07-11-2014
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن بۆرکینا فاسۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوای نزیکەی مانگێک لە ئاڵۆزی و پێکدادان و دواتر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی  ئەو وڵاتە، زۆربەی لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی وڵاتی بۆرکینا فاسۆی رۆژئاوای ئەفریقا، گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی ئینتیقالی تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی لەو وڵاتە کە لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت. بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر هیچ کەسێک نەکراوە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە لە ماوەی قۆناغی گواستنەوەدا.

لە راگەیێندراوێکدا دوای کۆبوونەوەکان، ئاماژە بەوە کراوە ئەو حکومەتە کاتییەی دادەمەزرێت هەر لە ئێستاوە کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی دەکات، کە دوای دوانزە مانگی دیکە چاوەڕێدەکرێت بەڕێوەبچێت.

ئەوەی تا ئێستا بووەتە کێشە لەو وڵاتەدا، بۆچوونی هەندێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەندامانی رێکخراوە مەدەنییەکانی ئەو وڵاتەیە کە نایانەوێت ئەو پارتانەی پێشتر پشتیوانیان لە بلەیز کۆمپاورێ- سەرۆکی پێشووی بۆرکینا فاسۆ دەکرد بەشداری لە قۆناخی گواستنەوەی حوکمدا بکەن، بەتایبەت ئەو کەسایەتییانەی بە ئاشکرا پشتیوانی کۆمپاورێ بوون.
 
یەکێکی دیکە لەکێشەکان کە تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، دیاریکردنی کەسێکە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ئەو وڵاتە بکات لە حکومەتی ئیتنیقالیدا، پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە دەبێت کەسێکی مەدەنی سەرکردایەتی ئەو وڵاتە بکات، بەڵام سوپا تا ئێستا سوورە لەسەر دانانی ئیساک زیدا وەک سەرکردەی قۆناغی ئینتیقالی. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە