راپۆرتێک: هیوای رێککەوتن کز بووە و ترەمپ و تاران بەرەو "سێشەممەی وێرانکاری" هەنگاو دەنێن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک دەڵێت، نێوەندگیرانی نێودەوڵەتی بێئومێدیی خۆیان نیشان دەدەن لەوەی ئێران پێش کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ، مەرجەکان جێبەجێ بکات. ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی سوپای ئەمریکا قۆناخێکی نوێ و وێرانکەرتری جەنگ دەستپێبکات، کە تێیدا پردەکان و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکرێنە ئامانج.
 
دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتی تاوەکو کاژێر 8:00ـی ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە (بەکاتی واشنتن) بۆ تاران دیاریکردووە تاوەکو تەنگەی هورمز بکاتەوە. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ترەمپ پێشتریش دووجار مۆڵەتی داناوە و کاتێک جێبەجێنەکراون، فەرمانی بۆردوومانی داوە. 
 
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی گوتووە: "تەنیا سەرۆک ترەمپ دەزانێت چی دەکات و هەموو جیهان ئەمشەو دەبینێت ئایا پردەکان و وێستگەکانی کارەبا تەخت دەکرێن یان نا."
 
رۆژنامەکە دەنووسێ، بەرپرسانی ئێران بە نێوەندگیرەکانیان راگەیاندووە، ئەوان پێشبینی هەمان سیناریۆ دەکەن؛ واتە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنانەت ئەگەر دانوستاندنیش هەبێت، "بەردەوام دەبن لە تێرۆرکردنی سەرکردە باڵاکانی ئێران." 
 
هیوای رێککەوتن ئەوکاتە کز بوو کە تاران پلانی ئاگربەستی ئەمریکای رەتکردەوە و بە "ئەوپەڕی داواکاری" وەسفی کرد. ترەمپیش رایگەیاندووە، وەڵامەکەی تاران "بەس نەبووە" بۆ واژۆکردنی رێککەوتن.
 
چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ترەمپ زۆر پەرۆشە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە، چونکە دەزانێت گەلی ئەمریکا ئارەزووی مانەوەی درێژخایەنی لە ئێران نییە. لە لایەکی دیکەوە، کۆمارییەکان بە نهێنی بە ترەمپیان گوتووە، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەنجامەکانیان لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمدا (نیوەخول). ترەمپ گوتی: "ئەوان (ئێرانییەکان) دەیانەوێت دەنگی بۆمبەکان ببیستن تاوەکو ئازاد بن."
 
یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم واشنتن، پەککەوتنی ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئێرانە بەهۆی بۆردومانەکانەوە. ترەمپ گوتی: "گەورەترین کێشەمان ئەوەیە کە ئەوان ناتوانن پەیوەندی بکەن." بەپێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئێستا هەموو بڕیارەکانی تاران لە دەستی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی نوێی سوپای پاسداراندایە.
 
رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت، جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، رۆژانە لەسەر هێڵن بۆ گوشارکردن لەسەر ئێران. هاوکات، وڵاتانی میسر، تورکیا و پاکستان وەک نێوەندگیر پەیامەکان دەگەیەنن. سەرۆکی دەزگە هەواڵگرییەکانی میسر و تورکیا و سوپاسالاری سوپای پاکستان، هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ پەیوەندیکردن بە "وەحیدی" و فەرماندە باڵاکانی تیمی زانیاریی سوپای پاسداران.
 
ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی وێرانکەر دەبێتەوە، کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتیی ئابوورییەکەی. ترەمپ هۆشداری داوە، ئەگەر مۆڵەتەکە تەواو بێت، کە هاوکاتە لەگەڵ کاژێر 3:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی هەولێر، هیچ پردێکی ئێران بە پێوە نامێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە رێکخراوە مرۆییەکان لێدانی ژێرخانی سڤیل بە "تاوانی جەنگ" هەژمار دەکەن.
 
تەنگەی هورمز، کە رێڕۆی 1/5ـی وزەی جیهانە، هێشتا وەک چەکێکی بەهێز لە دەستی ئێراندایە و ئەمەش وایکردووە نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرز ببێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت ئەگەر جەنگەکە وێرانکەرتر بێت، بگاتە 200 دۆلار.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە