فەیسبووک دابەزاندنی ئەپلیکەیشنەکانی لەسەر هواوی قەدەخەدەکات

07-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هواوی
A+ A-

رووداو - هەولێر

کۆمپانیای فەیسبووک دابەزاندنی ئەپلیکەیشنەکانی لەسەر ئامێرەکانی هواوی قەدەخەدەکات، ئەوەش وەک پابەندبوون بە سزاکانی ئەمریکاوە بە سەر کۆمپانیا چینییەکەدا.

ئەمڕۆ هەینی گوتەبێژی فەیسبووک بە ئاژانسی ئەی ئێف پی راگەیاند، لەمەودوا کۆمپانیاکەیان رێگەنادات ئەپلیکەیشنەکانی سۆشیاڵ میدیای لەسەر ئامێرەکانی هواوی داونلۆدبکرێن. هەنگاوەکەشی بۆ بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەڕاندەوە کە رێگە بە هاوردەکردنی هواوی بۆ ئەمریکا نادات.

فەیسبووک کە ئۆفیسی سەرەکی لە کالیفۆرنیایە، لەبارەی ئەو کەسانەی پێشتر لەسەر مۆبایل و ئامێرەکانی هواوی ئەپلیکەیشنەکانیان داونلۆ کردووە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو کەسانە دەتوانن ئەپلیکەیشنەکان بەکاربهێنن و ئەپدەیتیشی بکەنەوە، بەو پێیەش بڕیارەکە تەنیا مۆبایلی نوێ دەگرێتەوە کە دوای بڕیارەکە دەکەوێتە بازاڕەوە.

لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی چین بۆ سان پیترسبۆرگ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە هەنگاوەکانی ئەمریکا دژی هواوی گرت کە دەیەوێ لە بازاڕی جیهانی بیخاتەدەرەوە. پووتین ئەو هەنگاوەی واشنتنی بە "یەکەم جەنگی تەکنۆلۆجی لە سەردەمی دیجیتەڵ میدیادا" ناوبرد.

سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا کە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین کۆمپانیای جیهان دووربکەونەوە لە هواوی، بەڵام لەکاتی سەردانەکەی سەرۆکی چین بۆ رووسیا، کۆمپانیای هواوی گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای MTS ی رووسی بۆ گەشەپێدان بە 5G واژۆکرد.

ئەمریکا هواوی بەوە تۆمەتبار دەکات سەر بە حکومەتی چینە، بەو شێوەیە حکومەتی ئەو وڵاتە دەتوانێت بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بۆ مەبەستی سیخوڕیی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت. 

هاوکات میدیا تایبەتمەندەکان بە تەکنۆلۆجیا و مۆبایل باس لەوە دەکەن کۆمپانیای سامسۆنگی کۆری دوو سوپرایز ئامادەدەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆمپانیای هواوی چینی.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن سامسۆنگ دەستیکردووە بە کارکردن لە دانانی ژێرخانی یەکەم تۆڕی مۆبایلی زیرەک بە سیستەمی (جی سیکیس 6G)، ئەوەش تەحەدایەکی روونە بۆ هواوی کە سیستەمی 5Gی دروستکردووە.

سامسۆنگ بەشێوەیەک ئامادەکاری کردووە کە لە ماوەی ساڵێکدا سیستەمەکە بۆ کارپێکردن، ئامادەبێت.

ئێستا کۆمپانیای سامسۆنگ ئامادەکاری دەکات بۆ خستنەبازاڕی مۆبایلی گالاکسی نۆت 10.

ئەوەی کە جێی سەرنج دەبێت لە مۆبایلی گالاکسی نۆت 10، وەکو راپۆرتەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، نرخەکەیەتی کە پێشبینی دەکرێت لەنێوان 1100 دۆلار بۆ 1200 دۆلار بێت. هەروەها سیستەمی G5 لەسەری کاردەکات.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە