رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" پەردە لەسەر جموجۆڵێکی بازرگانی و سەربازی لادەبات، کە بە "مەترسیدار" لەقەلەمی دەدات.
بەپێی شیکردنەوەی داتاکانی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان و وێنە سەتەلایەتییەکان، دوو کەشتی بارهەڵگری ئێرانی کە سەر بە کۆمپانیایەکی سزادراون، بەندەرێکی کیمیایی گرنگی چینییان بە باری گوماناوی و قورسەوە بەرەو ئێران جێهێشتووە. شارەزایان پێیان وایە ئەم کەشتییانە کەرەستەی سەرەکی بۆ دروستکردنی سووتەمەنیی مووشەک دەگوازنەوە.
کەشتییەکان و کۆمپانیای گواستنەوە
ئەو دوو کەشتییەی بوونەتە جێگەی سەرنج، بریتین لە "شەبدیس" و "بەرزین"، هەردوو کەشتییەکە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ "هێڵی کەشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران" ئەم کۆمپانیایە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەم کۆمپانیایەی وەک "کەناڵی دڵخوازی ئێران بۆ گواستنەوەی کەرەستەی قەدەخەکراو و پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکان" ناوبردووە.
بەندەری گاوۆلان: ناوەندی کیمیایی
کەشتییەکانی "بەرزین" و "شەبدیس" لە بەندەری "گاوۆلان" لە شاری ژوهای، کە دەکەوێتە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی چین، لەنگەریان گرتبوو. ئەم بەندەرە بە یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی کۆگاکردنی کیمیایی شل لە باشووری چین دادەنرێت.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم شوێنە ناوەندی بارکردنی مادەی "سۆدیۆم پێرکلۆرات"ـە. ئەم مادەیە پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی رەقی مووشەک، کە ئێران بۆ بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکانی زۆر پێویستی پێیەتی.
بەڵگە تەکنیکییەکان و شیکردنەوەی "درافت"
لێکۆڵینەوەکە پشتی بە داتاکانی کۆمپانیای "Pole Star Defense" و "Kpler" بەستووە بۆ شیکردنەوەی "درافت" کە بریتییە لەو قووڵاییەی کەشتییەکە لە ئاودا دەچێتە خوارەوە بەهۆی قورسی بارەکەیەوە.
شیکردنەوەکان دەریانخستووە، کەشتیی "بەرزین" کاتێک لە رۆژی دووشەممە بەندەرەکەی جێهێشتووە، زۆر زیاتر نووقمی ئاو بووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە بارێکی قورسی هەڵگرتووە. هەمان شت بۆ کەشتی "شەبدیس"یش راستە، کە دوای بارکردنی بڕێکی زۆر، بەندەرەکەی جێهێشتووە.
رەهەندە سیاسی و ستراتیژییەکان
ئەو خاڵەی ئەم بابەتەی کردووەتە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتی، کاتی گواستنەوەکەیە. ئایزاک کاردۆن، لێکۆڵەر لە پەیمانگای کارنێگی دەڵێت: "چین دەیتوانی بە هەر ناوێکی وەک پشکنینی گومرگی یان هۆکاری کارگێڕی، رێگری لەم کەشتییانە بکات، بەڵام نەیکرد." بە قسەی ئەم لێکۆڵەرە، ئەمە نیشانەی بڕیارێکی سیاسییە لەلایەن بەیژینگەوە. لە کاتێکدا چین بە ئاشکرا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات، بەڵام لە ژێرەوە رێگە دەدات کەرەستەی جەنگی بگاتە دەستی ئێران.
بەکارهێنانی "سۆدیۆم پێرکلۆرات" تەنیا بۆ مووشەک نییە، بەڵکو لە یارییە ئاگرینەکانیشدا بەکاردێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن بەکارهێنانی ئەم مادەیە بۆ ئەم بابەتە زۆر سنووردارە و ناردنی بۆ ئێران لە رێگەی کەشتییە سزادراوەکانەوە، تەنیا یەک مانای هەیە: بەهێزکردنی توانای سەربازیی ئێران.
مەترسییە هەرێمییەکان
گرانت روملی، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوەی چین "سەرکێشییەکی بێ وێنەیە". ئەو دەڵێت ناردنی کەرەستەی مووشەکی بۆ ئێران لە کاتێکدا کە ناوچەکە لە ئاگردایە، دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەنداو.
ئێستا کەشتی "بەرزین" لە نزیک کەناراوەکانی مالیزیا لەنگەری گرتووە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بگاتە بەندەر عەباس. کەشتی "شەبدیس"یش بەرەو بەندەری چابەهار لە رێدایە. هەردوو بەندەرەکە بنکەی گەورەی دەریایی ئێرانییان لێیە. ئەم رووداوە نیشان دەدات کە چین، سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان و سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەردەوامە لە دابینکردنی پێداویستییە ستراتیژییەکانی تاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ