رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی راگەیاند، لە ماوەی تەنیا 39 رۆژدا،ژێرخانی سەربازی، دەریایی و ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی لەنێوبراوە؛ هەروەها وردەکاریی نوێی لەسەر ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە و مەرجەکانی واشنتن بۆ تاران خستەڕوو.
رۆژی چوارشەممە، 8ی نیسانی 2026، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، سوپای ئەمریکا توانیویەتی پێش وادەی دیاریکراو ئامانجە ستراتیژییەکانی لە ناوخۆی ئێران بپێکێت و "هەڕەشەی رژێمی توندڕەوی ئێرانی" بۆ سەر جیهان لابدات.
لیڤیت ئامارێکی لەسەر زیانەکانی ئێران بڵاوکردەوە و گوتی: "سوپای ئەمریکا زیاتر لە 13 هەزار ئامانجی لە سەرتاسەری ئێران پێکاوە. توانای مووشەکی و درۆنی ئەو وڵاتە چەندین ساڵ بۆ دواوە گەڕاوەتەوە".
بەگوێرەی گوتەکانی گوتەبێژی کۆشکی سپی، هێزی دەریایی ئێران بە تەواوی لەناوچووە، بەجۆرێک زیاتر لە 150 کەشتی جەنگی تێکشکێنراون و ئێستا ئێران "هیچ ژێر دەریاییەکی نەماوە".
گوتەبێژی کۆشکی سپی جەختی کردەوە کە ئێران چیتر ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، چونکە بنکە پیشەسازی و ئەتۆمییەکانیان وێران کراون.
لیڤیت ئاماژەی بەوەش کرد کە پێکهاتەی فەرماندەیی ئێران تێکدراوە و زیاتر لە دوو هەزار جار لە ناوەندەکانی بڕیاردان دراوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکان، لەوانەش "ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای پێشوو".
سەبارەت بەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، لیڤیت گوتی: "ئێران بەهۆی گوشاری سەربازییەوە ناچار بوو داوای ئاگربەست بکات و رازی بووە تەنگەی هورمز بکاتەوە".
لیڤیت ئاشکرای کرد کە ئێرانییەکان سەرەتا پلانێکی 10 خاڵییان پێشکەش کردووە، بەڵام "سەرۆک ترەمپ و تیمی دانوستاندنەکە فڕێیان دایە ناو تەنەکەی خۆڵەوە"، چونکە پلانەکە جدی نەبووە. ئێستا تەنیا پلانێکی کورتکراوە وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆ وەرگیراوە، بە مەرجێک ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی رابگرێت.
کۆشکی سپی بڕیاریداوە تیمێکی باڵای دانوستانکار بە سەرۆکایەتی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و جارید کۆشنەر، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بنێرێتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، بۆ ئەوەی لە رۆژی شەممەوە دەست بە گفتوگۆکانی ئاشتی بکەن. لیڤیت گوتی: "ترەمپ تەنیا رێککەوتنێک قبوڵ دەکات کە ئەمریکا بخاتە پێش هەموو شتێک".
لە کۆتایی گوتەکانیدا، لیڤیت رەخنەی توندی لە هاوپەیمانانی ناتۆ گرت و گوتی "ئەوان لەم شەش هەفتەیەدا پشتیان لە ئەمریکا کرد". هەروەها هەڕەشەی توندی بۆ کوبا دووپاتکردەوە و رایگەیاند کە هەر کەسێکیش لە خزم و کەسوکاری بەرپرسانی ئێران بە نایاسایی لە ئەمریکا بێت، دیپۆرت دەکرێتەوە.
لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"دا، 13 سەربازی ئەمریکی کوژران، کە کۆشکی سپی وەک "قارەمان" ناوی بردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ