رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، تەنانەت دوای کردنەوەی تەنگەی هورمزیش نرخی سووتەمەنی رەنگە بۆ چەند مانگێک بە بەرزی بمێنێتەوە.
ئەمە پێچەوانەی دڵنیاییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە کە رایگەیاندبوو، دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ ئێران، دەستبەجێ نرخەکان دادەبەزن و بەرزبوونەوەکە کاتی دەبێت.
بەشی ئاماری وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا پێشبینی دەکات نرخی نەوتی خاوی برێنت ئەمساڵ بە تێکڕا 96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بێت، پێشتر پێشبینی دەکرد 78.84 دۆلار بێت. هەروەها پێشبینی دەکات نرخی بەنزین و گازوایل بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا رایگەیاندووە، گەڕانەوەی تەواوەتیی هەناردەی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە چەند مانگێکی دەوێت، تەنانەت دوای ئاگربەستیش، ئەمەش نرخەکان بە بەرزی دەهێڵێتەوە تاوەکو هەناردەکردن بە تەواوی دەستپێدەکاتەوە و بەرهەمهێنەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێنەوە بۆ بەرهەمی ئاسایی خۆیان.
کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەڵێت: "هەروەک چۆن پێشتر هەرگیز داخرانی تەنگەکەمان نەبینیوە، کردنەوەشیمان نەبینیوە، بۆیە هێشتا نازانین کردنەوەکە چۆن دەبێت و چ کاریگەرییەکی دەبێت.
وەزارەتی وزەی ئەمریکا پێشبینی دەکات نادڵنیایی سەبارەت بە پچڕانی دابینکردن لە داهاتوودا، نرخەکان لە سەرووی ئاستی پێش شەڕی ئێران بهێڵێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ